یەكەم هیدفۆنی لاسلكی ئەپڵ تەقییەوە

:: PM:01:40:11/02/2018 ‌

هێدفۆنی لاسلیكی كۆمپانیای ئەپل "ئایربۆدس" بوو بە بەشێك لە زنجیرە ئامێرەكانی كۆمپانیای تەكنەلۆجیای ئەپڵ كە لە ساڵی ڕابردوو خرایە بازاڕەكانەوە و خەڵكێكی زۆر لە سەرانسەری دنیا كڕیویانە و بەردەوام بەكاری دەهێنن، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوو یەكەم حاڵەتی تەقینی ئەو جۆرە هێدفۆنە تۆمار كرا و ئەمەیش ناڕەزایی بەكارهێنەرانی لێ كەوتووەتەوە.

میدیاكان دیداریان لەگەڵ خاوەنی ئەو هێدفۆنە ئەنجام دا كە لەو كاتەی لە گوێی بووە تەقیوەتەوە، ئەو دەڵێ، گوێم لە موزیك دەگرت و لە هۆڵێكی وەرزشی خەریكی وەرزشكردن بووم، بەڵام دواتر تێبینیی ئەوەم كرد، دووكەڵ لە هێدفۆنەكە بەرز دەبێتەوە، بۆیە بە پەلە لە گوێچكەكانم هێنایە دەرەوە، دواتر تەقییەوە و لەت لەت بوو.

جایسۆن كولون ئەو كەسە كە هێدفۆنەكەی تەقیوەتەوە و دەڵێ، لەسەر ئامێرێكی وەرزشی خەریكی وەرزشكردن بووم، لە ناكاو هێدفۆنەكەم دووكەڵی لێ بەرز بووەوە و گڕی تێبەر بوو و چیتر بە كەڵكی بەكارهێنان نایەت.

كولون لە شاری تامبای ویلایەتی فلۆریدای ئەمەریكا نیشتەجێیە و دەڵێ، بە كردەیی و خۆكارانە هێدفۆنی ئایربۆدس گڕی گرت و تەقییەوە، ئەمە چۆن ڕوو دەدا و چۆن شتی لەو چەشنە دەبێ، من دڵخۆشم زوو هێدفۆنەكەم لە گوێچكەكانم دەرهێنا، ئەگەر نا ئێستە دۆخی تەندروستی و ژیانیشم لەوپەڕی مەترسیدا دەبوو، ئەم بابەتە پێویستە لەلایەن بەكارهێنەرانی تری ئەو جۆرە هێدفۆنە بەهەند وەربگیرێ و وریای تەندروستی و ژیانی خۆیان بن.

گوتەبێژێك بەناوی كۆمپانیای ئەپڵ لەوبارەوە ئاشكرای كرد، كۆمپانیاكەیان بە وردی لێكۆڵینەوە لەو حاڵەتە دەكەن، دواتر وردەكاری لێكۆڵینەوەكانی دەخاتەڕوو.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د