جەنگێك لەبەردەم دەرگەدا

:: PM:06:14:11/02/2018 ‌

پێدەچێت لە دوای لاوازبوونی داعش لە ناوچەكە قۆناغێكی نوێ دەست پێ بكات و هەوڵ بدرێت نەخشەیەكی نوێ و هاوسەنگییەكی نوێی هێز لە ناوچەكە رێك بخرێتەوە، بەتایبەتی لە سایەی بوونی چەندان هێزی كاریگەر لە ناوچەكە كە خۆیان بە سەركەوتوو دەزانن بەو هۆیەی جەنگی راستەوخۆیان نەكردووە، هاوكات لەگەڵ وێرانبوونی وڵاتان و شەكەتی گەلانی ناوچەكە، ئەو قۆناغە نوێیە رەنگە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی سەربازی ئەو هێزە كاریگەرانە بگرێتەوە كە لە ماوەی رابردوو چەند ئاماژەی بەدیار كەوتوون.

حەسان كەنەفانی، رۆژنامەوانی لبنانی و بەڕێوەبەری نووسین لە رۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)، لەو بارەوە دەڵێت كە ئاستی ئاڵۆزییەكان لە بەرەكانی رووبەڕووبوونەوەی عەرەبی– ئیسرائیلی بە تایبەتی لە نێوان فەڵەستین و لبنان و سووریا، گەیشتووەتە ئاستێكی بەرز بەهۆی كۆمەڵێك كەلەكەبوونەوە كە دوێنێ گەیشتە ئاستی تەقینەوە لەگەڵ خستنەخوارەوەی فڕۆكەی (ئێف16)كەی ئیسرائیل بە مووشەكێك لە خاكی سووریاوە، بەڵام ئاخۆ ئەو پەرەسەندنانە مانایان وایە كە جەنگەكە نزیك بووەتەوە و دەشبێت روو بدات؟. 

هاووڵاتییانی لبنان و سووریا بە نیگەرانییەكی گەورەوە چاودێری لێكەوتەكانی چاوەڕوانكراوی هەڵگیرسانی جەنگێكی لەو شێوەیە دەكەن، بەڵام بەشێك لە رووداوەكانی دوای ئەو خستنەخوارەوەی فڕۆكەكە رەنگە تا رادەیەك وەڵامێكی هێوركارانەیان دابێتەوە، بەتایبەتی لەلایەن ئیسرائیلەوە تا كاتی تێگەیشتن لە مانا و پەیامەكانی خستنەخوارەوەی فڕۆكەكە و لێكەوت و رەهەندەكانی.

دەتوانرێت ئەو بگوترێت كە خستنەخوارەوەی فڕۆكە سەربازییەكەی ئیسرائیل دەبێتە بنیاتنانی بنەمای نوێی رووبەڕووبوونەوە لەسەر سنوورەكانی فەڵەستین و لبنان و سووریا لە دوای هاتنی سیستەمی دژە فڕۆكە بۆ ناو رووبەڕووبوونەوە بەردەوامەكان لەوەتەی بەر لە هەڵگیرسانی شۆڕشی سووریا ئەو كاتەی ئیسرائیل بێ ترس لەناو خاكی سووریا هێرشی ئاسمانی دەهێنا بەپاساوی رێگرتن لە گەیشتنی چەك بە دەستی حزبوڵای لبنانییەوە و لەوەیش دڵنیا بوو كە بەرگری ئاسمانی سووریا توانای زیان گەیاندنی بە فڕۆكەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكای نییە. 

بەڵام بەهۆی هاتنە سەر خەتی چەند لایەنێك لە تەنگژەی سووریادا لەگەڵ بوونی ئێران و رووسیا لەسەر زەوی، پێدەچێت بابەتەكە گۆڕابێت، بەتایبەتی لەگەڵ دووپاتكردنەوەی بوونی چەكی هاوسەنگی شكێن لەسەر خاكی سووریا و لبنانیش، ئەو گۆڕانكارییانەی لەسەر خاكی سووریا هەن تەنیا لەسەر ئاستی سەربازی نین و بەڵكو سیاسیشن، چونكە ئێستە بڕیاری جەنگ و ئاشتی بە دەستی رژێمی سووریا و ئێرانیش نییە و خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئیسرائیلییەكە دوێنێ نەدەبوو ئەگەر رووسیا رازی نەبووایە یان چاوپۆشی لێ نەكردایە، رووسیایش بەوە رازی نەدەبوو ئەگەر تەواو دڵنیا نەبووایە كە دروستبوونی جەنگ و دروستبوونی پشێوی لەسەر سنوورەكانی سووریا و ئیسرائیل بە تەواوەتی كۆنترۆڵ كراوە و ئەوەیشی روو دەدات تەنیا ئالوگۆڕی پەیامی سێقۆڵییە لە نێوان ئێران و رووسیا و ئەمەریكا. هەربۆیە لە یەكەم ساتەكانی رووداوەكەدا ئیسرائیل داوای هاتنە ناو بابەتەكەی لە رووسیا و ئەمەریكا  و هێوركردنەوەی كرد، كە ئەوە خواستی هەمووان بوو و كەس نایەوێت دەرگەیەكی تری جەنگ لە ناوچەكە بكاتەوە. 

لە نێوان خواستەكانی سیاسی و پەرەسەندنەكانی سەر زەوی دەتوانرێت رووداوەكەی دوێنێ وەك جومگەیی و گرنگ حسێب بكرێت بۆ دووبارە رێكخستنەوەی بنەماكانی رووبەڕووبوونەوە لە ناوچەكەدا بێ رووچوونە ناو جەنگێك كە كەس نایەوێت.


لای خۆیەوە جەنەراڵی ئیسرائیلی یووسی كۆپەرفاسەر لەبارەی رووداوی خستنەخوارەوەی فڕۆكە جەنگییەكەی وڵاتەكەی لەسەر خاكی سووریا دەڵێت، ئیسرائیل كۆڵێك پەیام ئاراستەی ئێران و سووریا و حزبوڵای لبنانی كرد بەوەی كە چەكی زیاتری هەیە كە بەتوندی بەكاری دێنێت لە دژی هەر هەوڵێكی ئێران بۆ دانانی بنەمای نوێی یاری لە ناوچەكە.

ئەو بە ماڵپەڕی (میدا)ی هەواڵی ئیسرائیلی راگەیاند كە بۆردمانەكەی ئیسرائیل بووەتە هۆی كەوتنەوەی زیانێكی گەورە بە بەرگریی ئاسمانی سووریا و ئامانجەكانی ئێران لە ناو سووریا. 

كوپرفاسەر وای لەقەڵەم دا كە ئەوەی رووی دا سەركەوتنی ئیسرائیل بوو كە بووەتە مایەی نائومێدی تاران و ئەوەیش وای كرد كە رێگەی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل بدۆزێتەوە و رەوانەكردنیشی بۆ فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان بۆ ناو قوڵایی خاكی ئیسرائیل گرەوێكی مەترسیدار بوو و فەشەلی هێنا و پەرەسەندنەكانی بەرەی باكور دۆخی ستراتیژیی ئیسرائیلی بەهێزتر كرد، چونكە ئەوەی رووی دا بواری دەرخستنی هێزی لەلایەن ئیسرائیل دا.

ئەو دەڵێت كە ئێران هیچ كێشەیەكی نییە لە هەڵگیرسانی جەنگ لەدژی ئیسرائیل تا دوا هاووڵاتیی سووریا، بەڵام ئەو نائومێد بووە لەوەی ئیسرائیل نەیهێشتووە بە سێ ئامانجی سەرەكی خۆی لە ناوچناوچەكە بگات كە ئەوانیش رەوانەكردنی چەكی هاوسەنگشكێن بۆ حزبوڵای لبنانی و بنیاتنانی بنكەی سەربازی لەسەر خاكی سووریا و دروستكردنی رووبەڕووبوونێكی چەكداری لەگەڵ ئیسرائیل لە بەرزاییەكانی جۆلان. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل