ده‌شنێ موراد سوپاسی هاوڕێیه‌كانی ده‌كات


گۆرانیبێژی كورد "ده‌شنێ موڕاد"، له‌ پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرام نوێترین وێنه‌ی خۆی به‌ستایلێكی جیاواز بڵاو كرده‌وه‌ و بووه‌ته‌ جێی باسی هه‌وادارانی.

ده‌شنێ موراد كه‌ به‌ "شاكیرا"ی كوردی خۆی ناساندووه‌، به‌هۆی جووڵه‌ شێتانه‌كانی له‌ كاتی ئه‌نجام دانی كلیپه‌كانیدا، له‌سه‌ر وێنه‌كه‌ی به‌ كوورتی نوسیوویه‌تی: "سوپاسی هه‌موو ئه‌و هاوڕێیانه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌ ڕۆژی له‌ دایك بووندا كتێبیان بۆ هێنابووم و منیش له‌ ڕێگه‌ی ڕێكخراوه‌كه‌م دابه‌شی ده‌كه‌مه‌ سه‌ر منداڵانی كه‌مپه‌كان، به‌مه‌ش من دڵخۆش بووم و ئه‌وانه‌ جوانترین دیاری بوونه‌ بۆم هاتوون".

ده‌شنێ موراد یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ستێره‌ دیاره‌كانی پۆپ ستاری كوردستان و له‌ سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی له‌لایه‌ن چه‌ندان میدیای بیانییه‌وه‌ گرنگی زۆری پێدرا، خاوه‌نی چه‌ندان ڤیدیۆ كلیپ و ئه‌لبوومی گۆرانییه‌.

ده‌شنێ موڕاد، له‌ 1ی كانوونی دووه‌می ساڵی 1986 له‌ شاری سلێمانی له‌ دایك بووه‌،  پێشكه‌شكار و گۆرانیبێژ و مۆدێلێكی ناسراوی كورده‌.

ده‌شنێ له‌ ساڵی 1997 دا له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ڕۆشتووه‌ته‌ وڵاتی ھۆڵه‌ندا و له‌ ته‌مه‌نی 16 ساڵییه‌وه‌ له‌ گرووپی سه‌ما بووه‌، بۆ ماوه‌ی دوو ساڵیش كاری پێشاندانی مۆدێلی كردووه‌.

بۆ یه‌كه‌م جار له‌ به‌رنامه‌ی بێ كۆنترۆڵی كوردستان تیڤیدا به‌ ڕه‌سمی له‌ بواری ڕاگه‌یاندندا ده‌ركه‌وت، دواییش له‌ ڕێگه‌ی به‌رنامه‌كانی "ده‌شنێ شۆ" و "كۆڕه‌ك ستار"ی كه‌ناڵی كۆڕه‌ك تیڤییه‌وه‌ درێژه‌ به‌كاری ڕاگه‌یاندنه‌كانیدا.

گۆرانی "ھێلا ھۆپ" سه‌ره‌تای كاری ھونه‌ریی بوو، ئه‌م گۆرانییه‌ له‌ گۆڕه‌پانی ھونه‌ری كوردیدا ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ھه‌بوو، ئه‌مه‌یش به‌ھۆی شێوازی نوێ و جیاوازی سه‌ماكردنه‌ ڕۆئاواییه‌كه‌ی له‌ میانی ڤیدیۆ كلیپه‌كه‌یدا بوو، سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتی بۆ دنیای ه‌ونه‌ری به‌ ه‌اوكاری ه‌ه‌ڵكه‌وت زاه‌یر ئاوازدانه‌ری ناوداری كورده‌وه‌ بوو، ده‌شنێ پێشووتریش یه‌كێك بوو له‌ قوتابییه‌كانی، به‌ڵام له‌دوای به‌ناوبانگبوونی به‌بێ ه‌ۆكار وازی له‌ ه‌ه‌ڵكه‌وت زاه‌یر ه‌ێنا، وه‌ك له‌ میدیاكان باسكرا بوو ئه‌وكات.


وشە - محەمەد میران


PM:09:21:11/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 625 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌