هەزاران ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی هاك كران

:: AM:11:32:12/02/2018 ‌
هەزاران ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی فەرمی و حكوومی لە سەرانسەری دنیا بەر هەڵمەتێكی گەورەی هاككردن كەوتن و سەرجەمیان كەوتنە ژێر كۆنتڕۆڵی هاككەرزان، بە ئامانجی دەستكەوتنی پارەی بیتكۆین و ئەسیریۆم ماوەیەكە هاككەرزان بەردەوامن لە هەڵمەتی لەو شێوەیە.

هەڵمەتی هاككردنەكە، ماڵپەڕی فەرمی حكوومەتی بەریتانیا و نووسینگەی جێبەجێكاری ئۆپراسیۆنەكان و دەستەی خزمەتگوزاری تەندروستی و پەرلەمانی لۆكالی مانچستەر و حاكمی ویلایەتەكانی ئەمەریكا و هەزاران ماڵپەڕی تری حكوومەتی ناوەندی و حكوومەتە لۆكالییەكان بە تەواوی هاك كران.

ئەو ماڵپەڕانە تووشی بەرنامەیەكی پیس و ڤایرۆسی دەكرێن بەناوی "كوینهایڤ" كە بەشێوەیەكی نهێنی كۆدە تەناهی و بەربەستەكانی ماڵپەڕەكە دەدزێ و بەتەواوی لە بەردەم هێرشی هاككەرزەكان پێگەكە لاواز و بێهێز دەكات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی، تا ئێستە كاتی هاككردنەكە دیاری نەكراوە، بەهۆی هێرشەكانیشەوە ماڵپەڕی حكوومەتی بەریتانیا ڕوونكردنەوەی بڵاوكردنەوە كە بەشێوەیەكی كاتی پێگەكەی داخراوە.

سكۆت هیلمی توێژەر لە ئاسایشی تەكنەلۆجیا لەوبارەوە گوتی، ئەو هێرشانەی ئەنجام دەدرێن، نوێ نین، بەڵكو بەشێكن لە گەورەترین هێرشەكان كە لە دنیا دێنە ئەنجامدان، زۆرینەی ئەو هەڵمەتانەیش ماڵپەڕەكانی بەریتانیا و ئێرلەندا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە ئامانج دەكەن.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د