سعوودیە دەستبەرداری نیقاب و حیجاب دەبێت

:: PM:06:49:12/02/2018 ‌

گۆڕانكارییە خێراكەی لە سعوودیە روودەدات حیجابیشی گرتەوە كە ماوەی دەیان دەیەیە ئەو وڵاتە لەسەر ژنان سەپاندوویەتی و بووەتە هێمای ناسینەوەی ئیسلام و دین هەر كەسێكیش سەرپێچی بكردبووایە سزا دەدرا. پێدەچێ شەمەندەفەری گۆڕانكارییەكان لە سعوودیە زۆر خێرا بێ و یەكێك لە موفتییە ناسراوەكانی ئەو وڵاتە دەڵێ، پۆشینی عەبا ناچاری نییە و مەبەست لە حیجابیش خۆ داپۆشینە بەهەر جۆرێك بێت نەك تەنیا بە پۆشینی عەبا بێت.

دوای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن بنەماڵەی پاشایەتی لە سعوودیە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم، پرسی پۆشینی عەبا و نیقاب بە سیستەم بەسەر ژنانی ئەو وڵاتە سەپێنرا ئەگەرچی كۆمەڵگەی عەرەبی بە گشتی عەبایان دەپۆشی، بەڵام لە سعوودیە بە فتوای زانایان كرا بە جلوبەرگی فەرمی ژنان و ماوەی نزیكەی 100ساڵ دەبێت بەردەوامی هەیە. بەڵام دوای دەستنیشانكردنی میر محەمەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز بە جێنشینی پادشا، كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە چواچێوەی چاكسازی لە وڵات ئەنجامدا، لە ئێستەدا پرسی عەبا و نیقابیش كە ژنانی ئەو وڵاتە دەیان ساڵە رەنگیان پێوەی گرتووە بە ناچاری دەیانپۆشی، بەڵام پێشوەچوونەكانی ماوەی رابردوو لە هەموو ئاستەكاندا بە تایبەت كۆمەڵایەتی، هەر خۆی لە رێگەدان بە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و كردنەوەی سینەما و هۆڵی شانۆ و ئاهەنگ گێڕان نەبینیەوە، ئەمجارەیان قسە لەسەر حیجاب و نیقابیش هاتە كردن، ئەمەش لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا بە بەردەوامی پێشوازی لێدەكرێت و هانی ئەو وڵاتە داخراوە دەدەن زیاتر بە رووی دنیادا بكرێتەوە.

 پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە، ئایا شەمەندەفەری گۆڕانكارییەكان لە سعوودیە تەنیا لە عەبا و نیقاب دەوەستێ یانیش كودەتایەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئاینییە كە میر محەمەد بن سەلمان بەشێوەیەكی بەرفراوان دەستی داوەتێ؟.

 سەرەڕای ئەو مشتومڕەی فتواكەی شێخ عەبدوڵڵا موتڵەق ئەندامی هەرە ناسراوی دەستەی گەورە زانایانی سعوودیە بە دوای خۆیدا هێناویەتی لەسەر پرسی عەبا و نیقاب، كە رای گەیاند مەبەست لە حیجاب تەنیا پۆشینی عەبا نییە، بەڵكو هەر جلوبەرگێك دەگرێتەوە بە هەر رەنگێك كە ژنان بتوانن بەهۆیەوە جەستەی خۆیان دابپۆشن. ئەو لێدوانە وەك گورزێك وابوو بەرانبەر بەو هاوپەیمانیەتییەی نێوان خانەوادەی شاهانەی سعوودیە و وەهابیەت لەو وڵاتە كە لە ماوەی نزیك 100 ساڵی رابردوو حوكمی سعوودیەیان كردووە.
 
شەمەندەفەری گۆڕانكاری زۆر خێرایە
لە ماوەی چەند مانگی رابردوو كۆمەڵێك گۆڕانكاری گەورە لە سعوودیە روویانداوە، هەر هەمووشیان لە روانگەی چاكسازی میر محەمەد بن سەلمانی جێنشینی شا بووە. دەسەڵاتدارانی سعوودیە بڕیاری رێگرتن لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بۆ ژنانیان هەڵوەشاندنەوە كە تا ماوەیەك پێش ئێستە لە چوارچێوەی قەدەغە كراوان بوو، كەسیش نەبوو گفتوگۆشی لەسەر بكات.

بە دوای ئەوەدا، رێگەدرا ژنان بچنە ناو یاریگاكانی وەرزشی و تۆپی پێ، پێش ئەویش رێگە بە ئەنجامدانی ئاهەنگی گۆرانی گوتن درا كە ماوەیەك پێش ئێستە هەر كەسێك قسەی لەسەر بكردبایە ئەوا دەستگیر دەكرا.

جگە لەمانە ئێستە قسە لەسەر دروستكردنی سینەما و هۆڵی شانۆش دەكرێت، ئێستە هاوكێشەكە پێچەوانە بووەتەوە هەر زانایەكی ئیسلامی سعوودی دژی ئەو بڕیارانەی میر بوەستێتەوە ئەوا دەستگیر دەكرێت، ماوەیەكیشە هەندێك لە زاناكانی ئیسلامی سعوودی كە خاوەنی پێگەی بەهێز بوون لە سعوودیە و وڵاتانی عەرەبیش وەكو سەلمان عەودە و عەوز ئەقەرنی دەنگیان نییە و گومانی ئەوە دەكرێت دەستگیر كرابن.
 
 گۆڕانكارییەكانی سعوودیە زۆر خێرا روویاندا و سەرەتا میرەكانی خانەوادەی پادشایەتیشی گرتەوە و بەشێكیان وەك زانایانی ئیسلامی لەسەر ناڕەزایەتی دەستگیر كراون، لەوانە موتع بن عەبدوڵڵا و وەلید بن تەڵاڵ.

 بەرپرسانی سعوودیە دەڵێن، دەستگیركردنی میرەكان لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بوو، بەڵام بۆچوونێكی تر هەیە كە ئەوەی روودەدات لە سعوودیە دژ بە میرەكان سەركوت كردن بوو بە ناوی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

 لەسەر ئاستی جەماوەردا، هێشتا شەقامی سعوودی باوەڕ بە رووداوە خێراكان ناكات، هەندێك پێیان وایە ئەوەی روودەدات كودەتایە لەسەر بنەما و كەلتووری سعوودیە كە دەیان ساڵە باو باپیرانیان پەیڕەوی دەكەن، ترسی ئەوەشیان هەیە گۆڕانكارییەكان شەریعەتی ئیسلامیش بگرێتەوە كە سەرچاوەی سەرەكی داڕشتنی یاسا و بڕیارە لە وڵات.

 لە بەرانبەر ئەوانەدا توێژێك هەیە لە سعوودیە دڵخۆشە بە خێرایی شەمەندەفەری گۆڕانكاری لە سعوودیە و چاوەڕوانی ئەوە دەكەن شەمەندەفەرەكە دەرگای ئازادی را دەربڕینیان بۆ بكاتەوە، یان هەندێك لە خۆشگوزەرانی و كات بەسەر بردنیان بە روودا بكاتەوە كە پێشتر لە پێناویدا گەشتی وڵاتانی میسر و شام و رۆژئاوای عەرەبیان بۆ دەكردن.
 
سەر ئەنجام ئەوەیە هەموو گۆڕانكارییەك ناكۆكی و ململانێی دوو بەرەی دژ بە یەكی لێدەكەوێتەوە، هەندێك پێیان وایە پرسەكە تەنیا داكەناندنی عەبا و نیقاب نییە لە رووكەشدا بەڵكو گۆڕانكارییە لە ناوەوە كە ترسی ئەوەی لێدەكرێت دواجار ئەو گۆڕانكارییە سەری ئەو كەسەش بخوات كە بانگەشە و رێگەیشی بۆ خۆش دەكات.
 
سەرچاوە/ جەزیرە



وشە - فه‌رمان سادق