ناوەرۆكی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

:: PM:02:34:11/10/2016 ‌
دوای پێشخستنی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی و جێگرەكەی  بۆ ئەمڕۆ كە بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەم ئەنجام بدرێت باس لە چەند بابەتێك كراوە لە سەرووی هەموویان دامەزراندنی یەكەمەكانی كۆلێژ و پەیمانگەكان بووە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی دراون بە "وشە" لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێ‌ بابەت باس كراوە كە بە ڕاپۆرت لەلایەن وەزیرەكانەوە پێشكەش كراوە .

سەرچاوەیەك لە نێو كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕوونی كردەوە،  لە سەرەتای كۆبوونەوەكە وەزیری دارایی بەوەكالەت ڕاپۆرتی مانگانەی پێشكەش كرد و تیایدا ئەوەی خستەڕوو ئەگەر دوو هەزار كەس لە یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگەكان و پسپۆڕی پزیشكی دابمەزرێنرێن، ئەوا پێویستیان بە دووملیار دینار دەبێت .

هەروەها گوتی،  سەرجەم وەزیرەكان باسیان لە خانەنشینی ژمارەیەك لە فەرمانبەران كردووە كە تەمەنیان زۆر هەڵكشاوە، بەپێویست زانراوە خانەنشین بكرێن، بۆ ئەوەی شوێن بۆ فەرمانبەرانی نوێ‌ ئامادە بێـت .

هاوكات باس لە بڕیاری ژمارە (11)ی ئەنجوومەنی وەزیران  كراوە كە بریتییە لە مافی بە دەست هێنانی زانیاری بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن، تا ئێستە  نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا، كە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران باس ئەو پارەیەش كراوە كە حكوومەت بە كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوتی داوە، كە نزیكەی هێندەی پارەی مانگێكی كۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بووە.

وشە/ڕامیار جواد 


وشە - رامیار جەواد