له ماوه‌ی مانگی ڕابردوودا وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ وه‌ك تاقیكردنه‌وه به بڕیاری وه‌زیر هاورده‌كردنی په‌تاته‌ی ڕاگرتبوو. كوردستان كه دوو به‌رانبه‌ر خواستی به‌رهه‌می په‌تاته‌ی هه‌یه و وه‌زاره‌ت بۆی ڕوون بووه‌ته‌وه ده‌كرێت به‌ته‌واوی پشت به به‌رهه‌می ناوخۆی ببه‌ستێت و مه‌به‌ستیه‌تی هاورده‌كردنی به‌یه‌كجاری ڕابگرێت، كه‌چی ئێسته وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ بێ وه‌زیره و كه‌س نییه واژووی بڕیاره‌كه بكات. ئه‌وه‌ش بۆ ماوه‌یه‌كی تر جووتیاران له مۆته‌كه‌ی ڕكابه‌ری هاورده ده‌هێڵێته‌وه.
ساڵانه مه‌روان عومه‌ر كه جووتیاره زیاتر له 200 هه‌زار تۆن له كێڵگه‌كه‌ی به‌رهه‌می په‌تاته پێشكه‌شی بازاڕ ده‌كات و له كاتی چاندن و چنینه‌وه، نزیكه‌ی ٢٠٠ كه‌س به ڕۆژانه له كێڵگه‌كه‌ی مه‌روان سوودمه‌ند ده‌بن. سه‌رباری ئه‌وانه، جار هه‌یه به‌هۆی هاورده‌ی په‌تاته و ڕكابه‌ری له بازاڕ، ڕه‌نج به خه‌سار ده‌بێت. مه‌روان كێشه‌ی به بازاڕكردنی هه‌یه و ئێسته كیلۆی په‌تاته ٣٠٠ دینار زیاتری بۆ ناكات، له كاتێكدا هیچی له تێچووه‌كه‌ی زیاتر نییه. ئه‌وان كه به‌رهه‌مه‌كانیان له ساردخانه‌كان داده‌خه‌ن، په‌تاته‌ی هاورده ڕكابه‌ر و مۆته‌كه‌ی گه‌شه‌كردنی كاره‌كه‌یه‌تی.
حاجی حوسێن جووتیارێكی تره و ساڵانه زیاتر له مه‌روان به‌رهه‌می هه‌یه. حوسێن له ساڵێكدا دوو وه‌رز به‌رهه‌می هه‌یه و ٣٥٠ هه‌زار تۆن په‌تاته‌ی خۆماڵی ده‌خاته بازاڕه‌وه. بازاڕێك تێیدا به‌رهه‌می هاورده ڕكابه‌ری سه‌رسه‌ختیه‌تی و خێرێكی ئه‌وتۆی بۆ ناهێڵێته‌وه. ئه‌ویش به پێویستی ده‌زانێت وه‌ك پاڵپشتی به‌رهه‌می ناوخۆ، "سنووره‌كان له هاورده‌ی په‌تاته دابخرێت".
به‌پێی داتاكانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، په‌تاته یه‌كێكه له‌و به‌رهه‌مانه‌ی له كوردستان زۆرترین خواستی له‌سه‌ره و بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌می په‌تاته، وه‌زاره‌ت زیاتر له شه‌ش ساڵه به دابینكردنی بنه‌تۆ و په‌یین و قڕكه‌ر پاڵپشتی جووتیارانه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ به بیانووی ته‌نگژه‌ی دارایی هیچ پاڵپشتییه‌كی جووتیاران نه‌كراوه، به‌ڵام خواستی به‌رهه‌می په‌تاته له كوردستان كه ساڵانه 100 هه‌زار تۆنه، ئێسته به‌رهه‌مهێنراوی سه‌رووی دوو به‌رانبه‌ریه‌تی.
به‌پێی داتاكانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، خواستی په‌تاته له كوردستان 100 هه‌زار تۆن و به‌رهه‌می ناوخۆی 243 هه‌زار و 356 تۆنه. هه‌ڵسه‌نگاندنی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ده‌ری ده‌خات، له كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می په‌تاته، خواست له‌سه‌ری له كه‌مترین ئاسته. سه‌میر ئیسمایل به‌ڕێوه‌به‌ری باخداری دیوانی وه‌زاره‌ت، بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌تاته‌یه به یه‌كجار هه‌مووی بێته بازاڕه‌وه، جووتیار زیانی پێ ده‌گات، بۆیه ڕه‌وانه‌ی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق ده‌كرێت".
نزیكه‌ی چوار ساڵه دوو به‌رانبه‌ری خواست، كوردستان به‌رهه‌می په‌تاته‌ی هه‌یه، كه‌چی به‌رده‌وام له ده‌ره‌وه‌یش هاورده ده‌كرێت، ئه‌وه‌یش هۆی پاشه‌كشه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆیه.
وه‌ك پاڵپشتی به‌رهه‌می خۆماڵی، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌مه‌كانی ناوخۆ، گومرگ له‌سه‌ر هاورده داده‌نێت، كه به‌پێی لیستی دانانی باجی گومرگی له كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می خۆماڵی بۆ ساڵی 2017 ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، به‌رهه‌می په‌تاته له نیوه‌ی مانگی نیسان تا نیوه‌ی مانگی تشرینی دووه‌م، بۆ هه‌ر كیلۆیه‌ك په‌تاته‌ی هاورده، 250 دینار له سنووره‌كانی باج وه‌رده‌گرێت.
به‌ڵام ئه‌وه دادی جووتیاران نادات و به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه"، به‌ر له هاتنی واده‌ی باج، كۆگه‌كان پڕ په‌تاته‌ی هاورده ده‌كرێن، جیا له‌وه‌یش، له هه‌ندێك خاڵی سنووری بازرگانان به ڕێككه‌وتن باجی نیوه‌ی تۆنی هاورده ناده‌ن و له بازاڕه‌كان ڕكابه‌ری به‌رهه‌می خۆماڵی پێ ده‌كه‌ن، یا له‌ژێر به‌رهه‌می تر په‌تاته هاورده ده‌كه‌ن.
ئه‌وه بۆ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵیش شاراوه نییه و سه‌میر ئیسمایل به‌ڕێوه‌به‌ری باخداری له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ڕه‌تی ناكاته‌وه و ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، له هاورده‌ی په‌تاته‌دا فێڵمان لێ ده‌كرێت، به‌وه‌ی په‌تاته‌ی چاندن له بن په‌تاته‌ی خواردنه‌وه ده‌هێنرێته كوردستان. ئه‌وه له كاتێكدایه به‌پێی مه‌رجه‌كانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، ته‌نیا ڕێ به كۆمپانیای كشتوكاڵی ده‌درێت په‌تاته‌ی چاندن هاورده بكات و له كوردستان كۆمپانیاكانی "ئیسپانیۆل، ئه‌گرۆپلانت، ئه‌گریكۆ، ئه‌رزۆسۆپه‌ر، نه‌هرئۆرات، كه‌ی ئێچ، جیهانی سه‌وز، هتد..."، هاورده‌ی ده‌كه‌ن.
جاران و به‌ر له ته‌نگژه‌ی دارایی، وه‌زاره‌ت 100% ی پاڵپشتی جووتیارانی ده‌كرد، به‌ڵام پار ئه‌و یارمه‌تییه بووه 25% و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كشتوكاڵه‌وه، هه‌ر تۆنی 300 دۆلار هاوكاری جووتیاران كراوه. ئه‌مساڵ ئه‌وه‌یش نه‌ما و جووتیاران ڕاسته‌وخۆ په‌تاته‌ی چاندن له كۆمپانیاكان ده‌كڕن، كه به‌پێی جۆریان تۆنی له هه‌زار و 200 دۆلاره‌وه بۆ هه‌زار و 500 دۆلاره.
نه‌مانی هیچ پاڵپشتییه‌ك باری جووتیارانی قورس‌تر كردووه و ڕه‌جه‌ب حاجی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی عه‌لوه‌ی هه‌ولێر كه له دۆخی جووتیاران و ئه‌و بازاڕه ئاگاداره، ڕای ده‌گه‌یه‌نێ كه جووتیاران خه‌رجییان زۆره و قازانجیان كه‌مه و كێشه‌ی به بازاڕكردنیان هه‌یه كه به‌رهه‌مه‌كه‌یان به خراپی ساغ ده‌بێته‌وه، به‌وه‌ی له‌كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌م، هه‌مووی به‌جارێك ده‌هێنرێته بازاڕ، كه له تاقه‌تی خۆمان زیاتره و به‌رهه‌می هاورده‌یش هێنده‌ی دی نرخه‌كه‌ی داده‌به‌زێت. ئه‌وه‌ش جووتیار مایه‌پووچ ده‌كات و هۆكاره بۆ پاشه‌كشه‌ی به‌رهه‌می خۆماڵی.
به‌ختیار خاوه‌نی نووسینگه‌ی جیهانی په‌تاته له عه‌لوه‌ی هه‌ولێر، ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، دوو ساڵه هاوكاریی جووتیار نه‌كراوه و ئه‌وان زیانی زۆریان پێ كه‌وتووه. ئه‌و كه ئاگاداری دۆخی جووتیارانه ده‌ڵێ، "جووتیار هه‌یه پاره‌ی سێ ساڵی په‌تاته‌ی چاندنی كۆمپانیاكان قه‌رزداره".
ساڵانه كه نزیكه‌ی نیوه‌ی په‌تاته‌ی كوردستان له نووسینگه‌كه‌ی به‌ختیار ساغ ده‌بێته‌وه، ئاماژه به زیادبوونی به‌رهه‌می په‌تاته ده‌دات و ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، جووتیارانی كوردستان فێری چاندنی په‌تاته له وه‌رزی سه‌رمایش بوونه و ئه‌مساڵ له زستاندا به‌رهه‌می په‌تاته‌ی خۆماڵی هه‌بووه. بۆیه چیتر كوردستان پێویستی به هاورده‌ی په‌تاته نابێت.
وه‌زاره‌ت دركی به‌وه كردووه و له پاڵپشتی به‌رهه‌می ناوخۆ، له سه‌ری ساڵه‌وه هاورده‌ی به‌رهه‌می په‌تاته‌ی بۆ ماوه‌ی مانگێك وه‌ك تاقیكردنه‌وه ڕاگرت و له‌و ماوه‌یه‌شدا، لیژنه‌كانیان به وردی چاودێریی بازاڕیان كردووه تا له ئه‌گه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخ هاورده‌ی بكه‌نه‌وه. به‌ڵام نه‌ك هه‌ر نرخ به‌رز نه‌بووه‌وه، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه هه‌رزانتر بوو.
عه‌لوه‌ی هه‌ولێر كه زیاتر له په‌تاته‌ی خۆماڵی هاورده‌ی هه‌یه، به‌ر له گرتنی ڕێگه نرخی په‌تاته 450 دینار بوو كه له‌كاتی گرتنی سنوور به 350 دینار نه‌ده‌فرۆشرا.
وه‌زاره‌ت ئه‌وه‌ی بۆ ڕوون بووه‌ته‌وه ده‌كرێت له به‌رهه‌می په‌تاته‌دا كوردستان له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت و چیتر پاره‌ی كوردستان بۆ په‌تاته نه‌چێته ده‌ره‌وه، به‌ڕێوه‌به‌ری باخداری ده‌ڵێ، "بۆ درێژكردنه‌وه و ڕاگرتنی یه‌كجاره‌كی هاورده‌ی په‌تاته، پێویستی به بڕیار و واژووی وه‌زیری كشتوكاڵ هه‌یه كه ئێسته نه وه‌زیر له ده‌وامه و نه كه‌سێكیش هه‌یه له شوێنی ئه‌و كاره‌كان ڕایی بكات".
جێی وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه له 20ی كانوونی یه‌كه‌می 2017، حزبه‌كانی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی له كابینه‌ی حه‌وته‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كشانه‌وه و عه‌بدولستار مه‌جید وه‌زیری كشتوكاڵ كه له‌سه‌ر پشكی كۆمه‌ڵ بوو، ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه.
سه‌رباری ئه‌وانه، به‌گوته‌ی مه‌روان عومه‌ر، هێشتا كه‌سانێك هه‌ن كاری شاریان به جووتیاری ده‌گۆڕنه‌وه و گه‌ڕاونه‌ته‌وه و زه‌وییه‌كانیان داچاندووه و ساڵی دادێ به‌رهه‌می په‌تاته‌یان ده‌بێت. ئاماره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵیش ده‌ریده‌خات، كه به‌رهه‌می پار 92 هه‌زار و 973 تۆن له پێرار زیاتر بووه، به‌ڵام ڕه‌نگه به‌هۆی بێپلانیی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، زیاتربوونی به‌رهه‌می په‌تاته له‌بری سوود به‌زیان بشكێته‌وه، به‌وه‌ی له‌كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌م و یه‌كجێ هێنانه بازاڕه‌وه، كه بازاڕه‌كانی كوردستان توانای هه‌رسكردنی ئه‌و بڕه زۆره‌ی نییه، نرخه‌كه‌ی به‌یه‌كجار دابه‌زێت و زیانی جووتیاران زیاتر بكات.
وشه/هه‌ولێر- چواس خالید