لە مانچستەر سیتی هیچ خاڵێكی لاواز نییە


رافایێل ویكی راهێنەری یانەی بازلی سویسڕایی ئاشكرای كرد، ئەمڕۆ سێشەم یانەكەی بەهێزترین تاقیكردنەوە بەرامبەر یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی ئەنجام دەدات لە چوارچێوەی یارییەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

ئەمڕۆ سێشەم بەفەرمی یارییەكانی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەست پێ دەكات و تێیدا لە یاریی چووندا سەعات 10:45ی شەو بەكاتی كوردستان دوو یاری گرینگ بەڕێوە دەچن كە ئەوانیش برێتین لە یۆڤانتۆسی ئیتاڵی – تۆتنهامی ئینگلیزی و بازلی سویسڕایی – مانچستەر سیتی ئینگلیزی.

یانەی بازل لە قۆناغی كۆمەڵەكاندا رووبەڕووی هاوسێی یانەی مانچستەر سیتی ببووەوە ئەویش یانەی مانچستەر یونایتدە و لە هەفتەی پێنجەمدا بە گۆڵێكی بێ وەڵام سەركەوتنی بەسەردا بەدەستهێنابوو و بەم سەركەوتنەش خۆی گەیاندبووە قۆناغی 16ی پاڵەوانیەتییەكە.

ویكی راهێنەری یانەی بازل لە چاوپێكەوتنێكدا بۆ رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی رایگەیاند: پێموایە یانەی مانچستەر سیتی هیچ خاڵێكی لاوازی نییە تا لەو لایەوە پاڵەپەستۆی بخەینەسەر و هەر لەسەرەتای وەرزەوە تا ئێستا لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكاندا بە باشترین شێوە دەركەوتووە.

زیاتر گوتی: تیپێكی بەهێزن و دەتوانن بە باشترین و بەهێزترین شێوە رووبەڕووی هەموو ركابەرێكیان ببنەوە و چەندان ئەستێرە لە ریزی یانەكەدا یاری دەكەن و جگە لەوەش باشترین راهێنەر پێشەوایەتییان دەكات.

لە كۆتاییدا رایگەیاند: پێپ گواردیۆلا شێوازێكی تایبەتی لە كاری راهێنەرایەتیدا هەیە و پێشتر بەشێوەیەكی بەرچاو یانەی ئاستی یانەی بەرشەلۆنەی بەرز كردبووەوە و لەگەڵ یانەی بایرن میونشنیش هەمان كاری كردبوو و ئێستاش لەگەڵ یانەی مانچستەر سیتی.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م


AM:09:40:13/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 69 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌