ساڵانه بایی ملیۆنان دۆلار جگه‌ره هاورده ده‌كرێت و حكوومه‌تی هه‌رێم له‌بری بره‌ودان، كارگه‌كانی جگه‌ره‌ی داخست. ئه‌و كارگانه كه ده‌كرا له بووژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووریدا كه‌ڵكیان لێ وه‌ربگیرێت، كارگه‌ی جگه‌ره‌ی سلێمانی كرده دیاریی ناسناوی پایته‌ختی ڕۆشنبیری و له پیشه‌سازییه‌وه خستییه سه‌ر وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری. به‌هه‌ند نه‌گرتنی كارگه‌ی جگه‌ره به‌یه‌كجار بووه هۆی نه‌مانی به‌رهه‌مهێنانی تووتنی كوردستان كه سه‌رتۆپی تووتنه‌كانی دنیا بوو.
كارگه‌ی جگه‌ره‌ی سلێمانی به پانتایی ٢٦،٥ دۆنمه‌وه له‌سه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌كیی سالم هه‌ڵكه‌وتووه، شوێنه‌كه‌ی له باشترینه‌كانی سلێمانییه، 43 هه‌زار و 250 مه‌تر دووجای باڵه‌خانه‌یه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌كه وه‌ك خۆیه‌تی و هه‌ر به كارگه‌ی جگه‌ره ناوی ده‌برێت، به‌ڵام له ناوه‌وه مافی به‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی جگه‌ره‌وه نه‌ماوه. كاتێك ده‌چیته ناوه‌وه، ئه‌و هۆڵه درێژانه‌ی ئێسته به چۆڵی پێشوازیت ده‌كه‌ن، جاران جگه له ئامێره‌كانی كارگه‌كه، هه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ڵهاتنی خۆر، ده‌زگه‌كان به كار ده‌خران و جمه‌یان ده‌هات له كارمه‌ند و ڕێ به‌ڕێدار نه‌ده‌كه‌وت و هه‌موو ڕۆژێك هه‌زار و ٧٥٠ كارمه‌ند خه‌ریكی به‌رهه‌مهێنانی جگه‌ره بوون و به‌رهه‌می پڕ كارترینی ساڵانه‌ی زیاتر له ٢٥ ملیۆن گلۆز جگه‌ره بووه.
ئه‌و كارگه‌یه‌ی وه‌ك یه‌كه‌م كارگه‌ی پیشه‌سازی له ساڵی ١٩٥١ به‌ردی بناغه‌ی دانرا و له ١٩٦١ به‌رهه‌می جگه‌ره‌ی خسته بازاڕه‌وه، له دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس له ساڵی 2003، له كار وه‌ستێنرا و ئێسته جگه له كارمه‌ندانی كارگه‌كه، چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی حكوومی تێیدا جێیان كراوه‌ته‌وه كه ده‌بێت دواتر بۆ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری به‌جێی بێڵن.
ئه‌ندازیار نه‌وزادی موهه‌ندیس به‌ڕێوه‌به‌ری كارگه‌ی جگه‌ره‌ی سلێمانی، ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، به‌پێی ڕێنوێنییه‌كانی حكوومه‌ت،ئامێره‌كانیان هه‌مووی فرۆشتووه، ئه‌و كه نزیكه‌ی پێنج ساڵه ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتووه،به"وشه" ده‌ڵێ "له‌وكاته‌ی ده‌ستبه‌كار بووم، كارگه‌ی جگه‌ره كاره‌كانی وه‌ستاوه و 135 كارمه‌ندمان ماوه و سه‌رپه‌رشتییان ده‌كه‌ین". ئه‌و كه باڵه‌خانه‌یه‌كی به‌تاڵی خراوه‌ته به‌رده‌ست، ئاماژه به به‌رهه‌می پێشتری كارگه‌كه ده‌دات كه جگه‌ره‌ی سۆمه‌ری به‌رهه‌م هێناوه و ئاشكرای ده‌كات، گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌ك كردووه له به‌رانبه‌ر ڕێدان به به‌رهه‌مهێنانی جگه‌ره‌ی سۆمه‌ر، له‌هه‌ر كارتۆنێك بڕی هه‌شت هه‌زار دینار بخاته خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ته‌وه.
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره، حكوومه‌ت هێنده‌ی خه‌می كارگه‌كانی جگه‌ره‌ی نییه و له كوردستان كه دوو كارگه‌ی جگه‌ره‌ی هه‌بوون، له سلێمانی و له هه‌ولێر. له ساڵی 1989دا به‌رهه‌می هه‌ردوو كارگه‌كه زیاتر له ٧٢ ملیۆن گڵۆز جگه‌ره بووه، به‌ڵام به‌هۆی گۆڕینی سیاسه‌تی پیشه‌سازی له كه‌رتی حكوومییه‌وه به‌ره‌و كه‌رتی تایبه‌ت، كارگه‌كانی جگه‌ره‌ی داخستن. سه‌رباری په‌كخستنی به‌رهه‌می جگه‌ره، كارمه‌نده‌كانی كارگه‌كه‌ش بوونه بارێكی قورس به‌سه‌ریه‌وه و هێنده‌ی تر ده‌زگه‌كانی پێ قه‌ره‌باڵغتر كردن.
له‌بری بره‌ودان، له 30/4/2002 كارگه‌كه‌ی جگه‌ره‌ی هه‌ولێری به كرێی مانگانه‌ی 10 هه‌زار دۆلار بۆ ماوه‌ی 20 ساڵ داوه به كه‌رتی تایبه‌ت و له ٣١/٣/٢٠١٣یش به فه‌رمانی ژماره 2916ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، به مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌رێكی كولتووری له پایته‌ختی ڕۆشنبیری، خاوه‌ندارێتی كارگه‌ی جگه‌ره‌ی سلێمانی له وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی گواسته‌وه بۆ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان. نه‌وزادی موهه‌ندیس ده‌ڵێ، "ئێسته چه‌ند دۆنمێك به‌ناوی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری كراوه و كارده‌كه‌ین هه‌موو كارگه‌كه به‌ناو بكه‌ین".
ئه‌و بڕیاره‌ی حكوومه‌ت له‌كاتێكدایه، كارگه‌ی جگه‌ره یه‌كێكه له پڕداهاتترین كارگه پیشه‌سازییه‌كانی دنیا، كه به‌رهه‌مێك به‌هیچ جۆرێك زیان ناكات و ده‌گوترێ ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می زێڕ ١٠٠% قازانجی بێت، ئه‌وا به‌رهه‌می تووتن و جگه‌ره ٥٠٠%ی قازانجه. كارگه‌ی جگه‌ره كه له سێ ملیۆن تا پێنج ملیۆن دۆلار تێچووه‌كه‌یه‌تی، پێنج ساڵ به‌سه بۆ وه‌چه‌نگكه‌وتنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌كه‌ی.
به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كارگه‌ی جگه‌ره‌ی سلێمانی، ئه‌و كارگه‌یه له ساڵی 1993به‌رهه‌می كاركردنی ته‌نیا چوار ڕۆژی ته‌واوی توانای كارگه‌كه، توانراوه ١٠ مووچه‌ی كۆی فه‌رمانبه‌رانی دابین بكات، كه ئه‌وكات هه‌زار و 750كارمه‌ندی هه‌بووه. نه‌وزادی موهه‌ندیس ده‌ڵێ، "پار دوو كۆمپانیا داوای وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی كارگه‌ی جگه‌ره‌ی سلێمانیان كرد، ئه‌وان مه‌به‌ستیان بوو پاره به جووتیار بده‌ن تا تووتن بكه‌ن و لێیانی بكڕنه‌وه، به‌وه‌ش چاندن و به‌رهه‌می تووتنی كوردستان ده‌بووژایه‌وه، به‌ڵام هه‌ردووكیان به بیانووی پیسكردنی ژینگه له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه ڕه‌تكرانه‌وه!". ئه‌وه له‌كاتێكدایه كارگه‌ی جگه‌ره كرداری سووتاندن و كه‌مترین زیانی ژینگه‌ی نییه.
داخستنی كارگه‌كانی جگه‌ره، به‌رهه‌مهێنانی تووتنیشی به‌یه‌كجار له‌ناو برد، له كاتێكدا كوردستان خاوه‌نی باشترین تووتنی دنیا بووه.
دكتۆر دلێر نه‌جمه‌دین به‌رزنجی پسپۆڕ له بواری تووتنه‌وانی ئاماژه به‌وه ده‌دات، هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی باشترین تووتنی دنیایه و جۆری ئه‌و تووتنه‌ی كه له كوردستان به‌رهه‌م هاتووه، سه‌رتۆپی تووتنه‌كانی دنیا بووه. ئه‌و ڕوونی ده‌كاته‌وه "تووتنی كوردستان به‌هۆی گه‌ڵای بچووكی بۆنداری سروشتییه‌كه‌ی وه‌ك تووتنێكی ناوازه له دنیا ناسراوه. هه‌روه‌ها باشترین تایبه‌تمه‌ندی سه‌رسوڕهێنه‌ری تێكه‌ڵ نه‌بوونی به ماده‌ی كیمیایی بوو كه پسپۆڕانی تووتنی پێ سه‌رسام بووبوون، چونكه تووتنی به‌رهه‌مهاتووی پێشووی كوردستان، هیچ ماده‌یه‌كی كیمیایی و غه‌یری كیمیایی له‌گه‌ڵیدا ناتوێته‌وه، به‌وه‌یش 80% ـی زیانی كه‌متره له‌و جگه‌رانه‌ی ماده‌ی كیمیایییان له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵ كراوه و ئێسته له بازاڕه‌كانی كوردستان ده‌فرۆشرێن، كه داخستنی كارگه‌كان هۆی سه‌ره‌كیی له‌ناوبردنی به‌رهه‌می تووتنی كوردستانبوون".
جاران كه كوردستان خاوه‌ن كارگه و به‌رهه‌مهێنانی تووتن بوو، بڕێكی كه‌می پاره‌كه‌ی بۆ هاورده‌ی جگه‌ره ده‌ڕۆیشته ده‌ره‌وه، به‌ڵام ئێسته ڕۆژانه له سنووره‌كانی به لێشاو پاكه‌ت دێته كوردستانه‌وه.
به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هاورده و هه‌نارده‌ی وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌رێم، ساڵانه بایی 900 ملیۆن دۆلار جگه‌ره‌ی تێكه‌ڵ به ماده‌ی كیمیایی و نه‌پشكنراو هاورده‌ی كوردستان ده‌كرێت.
سه‌رچاوه‌كانی ئابووریی وڵات زۆرن و تووتن كۆڵه‌گه‌یه‌كی پته‌وه، به‌تایبه‌ت بۆ كوردستان كه كه‌شوهه‌وایه‌كی له‌باری بۆ چاندنی هه‌یه و ئێسته كه ته‌نگژه‌ی دارایی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌جۆرێك ده‌سته‌وه‌ستان كردووه، پێدانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی بۆ ئه‌سته‌مه، ده‌كرێت له بنیاتنانه‌وه و پته‌وكردنی ژێرخانی ئابووریی پشتی پێ ببه‌سترێ و كارگه‌كانیشی وه‌گه‌ڕ بخرێته‌وه.
وشه/سلێمانی- چواس خالید