یاریگەی یاریی کۆتای نێوان بەرشەلۆنە و سڤیلییە دیاری كرا

:: AM:09:53:13/02/2018 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بەفەرمی یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆی تایبەت بە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی دیاری كرد بۆ بەڕێوەچوونی یاری كۆتای جامی شای ئیسپانیا لەنێوان هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و سڤیلییە كە بڕیارە لە 21ی مانگی داهاتوو بێتە ئەنجامدان.

یانەی بەرشەلۆنە پێشتر رەتی كردبووەوە یاریی كۆتای جامی شای ئیسپانیا لەنێو یاریگەی سڤیلییە ئەنجام بدات، بەمەش یەكەتی تۆپی پێی ئیسپانیا سەرپشككرابوو بۆ دیاریكردنی یاریگەیەكی تر.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: بەرپرسانی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید ئامادەیی خۆیان پێشاندابوو یاریی كۆتای جامی شای ئیسپانیا لەنێو یاریگەكەیان بێتە ئەنجامدان بۆ ئەوەی تاقیكردنەوە بۆ یەكەم یاری گەورە لەنێو یاریگەكەیان بكەن بەر لەوەی داوا بكەن یاریی كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لە ساڵی 2019 لەنێو یاریگەكەیان بێتە ئەنجامدان.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا كە یانەی ریال مەدرید رەتی كردبووەوە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ مێوانداری یاریی كۆتای جامی شای ئیسپانیا بكات، لەبەر ئەمە یەكەتییەكەی ئیسپانیا بڕیاری دا یارییەكە لەنێو یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆ بێتە ئەنجامدان.

جێی باسە یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆ سەرەتای ئەم وەرزە بەفەرمی بەڕووی هەواداران و یارییەكان كرایەوە و بەگشتی شوێنی 67 هەزار هاندەر دەگرێتەوە، هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و سڤیلییە رێگەیان پێدراوە 22 هەزار هاندەری خۆیان بێننە نێو یاریگە لە یاری كۆتای جامی شای ئیسپانیا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م