بێبەڵێنیی عەبادی باری قەرزی مامۆستایان و فەرمانبەرانی كوردستانی قورستر كرد

:: PM:12:16:13/02/2018 ‌

بە قسەی عەبادی و حكوومەتی عێراق و پەرلەمانتاران بووایە، لانی كەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستی مووچەی مانگێكیان بە بێ پاشەكەوت وەرگرتبوو، ئەوانەی گەشبین بوون بە بەڵێنەكەی عەبادی، هەرزوو بە قەرز دەستیان بە خەرجكرنی مووچەكەی عەبادی كرد، بەڵام ئێستە كە عەبادی بێ بەڵێن دەرچووە، باری قەرزی خەڵكیش قورستر بووە.

حكوومەتی عێراق ماوەیەكە لیژنەكانی رەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی وردبینی لە مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایانی كورستاندا بكەن، بەڵام هێشتا ئەم وردبینییە تەواو نەبووە. هەر یەكەم جار كە حكوومەتی عێراق باسی لەوە كرد مووچەی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی رەوانە دەكات، هەواڵەكە جگە لەوەی بووە مایەی دڵخۆشی فەرمانبەران و مامۆستایان، لە هەمان كاتدا بازاڕەكانی كوردستانیشی بە جووڵە خست.

ئەو جووڵەیەی لە بازاڕەكانی كوردستان دروست بوو، خەریكە كاریگەرییە ئەرێنییەكانی لە دەست دەدات و كاریگەرییە نەرێنییەكانی دەردەكەون، ئاخر خەڵكێكی زۆر بە هیوای ئەوەی حكوومەتی عێراق لە زووترین كاتدا مووچە تەواوەكەی دەنێرێت، بێ ئەوەی پارەكە بگات، لەو بڕە پاشەكەوتەی لای خۆیەتی یان بە پشتبەستن بە قەرز خەرجییەكانی خۆی بەرز كردووەتەوە.


هیوا رەحیم كە لە هەولێر ماركێتی كەلوپەلی ناوماڵ و جوانكاری هەیە، بۆ "وشە" گوتی، چەند ساڵێك بوو كڕیارە تایبەتەكانی كەمیان كردبوو و كەمتر بە قەرز شتیان دەبرد، بەڵام لەوەتەی حكوومەتی عێراق گوتوویەتی مووچە دەنێرم، كڕیارەكان ماركێتەكەیان قەرەباڵغ كردووە و كۆمەڵێك شتیان بە قەرز بردووەتەوە و زۆربەی ئەو كڕیارانەشی لە توێژی مامۆستان. بەگوتەی ئەو دووكاندارە، راستە بازاڕەكە جووڵاوە، بەڵام لەسەر حیسابی پارەیەكە كە هێشتا دیار نییە دێت یان نا.

ئەو مووچەیەی بڕیارە بێتە ناردن، مووچەی تەواوی مانگێكی دوو لە وەزارەتە گەورەكانی هەرێمی كوردستانە كە قەبارەی مووچەكەیان بە 250 ملیار دینارە.

مامۆستا هەینی قادر سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بۆ "وشە" بەشێك لە هۆی ئەو حاڵەتە دەروونییەی تووشی خەڵك بووە بۆ تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی و میدیاكان گەڕاندەوە و گوتی، لەو ماوەیەدا زێدەڕۆیی لە زانیارییەكاندا كراوە و تەنانەت لە بەغدایش هەندێك پەرلەمانتار زیاتر لە ئاستی پێویست پەلەیان كردووە و نەیانهێشتووە كارەكە بە رێڕەوی خۆیدا بڕوات.

ئەو رەخنەی لە وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرت كە نەیتوانیوە لێدوان یان بەیاننامەیەكی روونی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم هەبێت، خەڵكیش لە رێی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی و میدیاوە هەر رۆژە و هەواڵیك دەبیستن. بە بۆچوونی ئەو بەرپرسەی مامۆستایان "ئەو دوو وەزارەتە لە رووی تەكنیكی كێشەیان نییە و هاتن و نەهاتنی مووچەش پێوەندی بە پرسێكی سیاسییەوە هەیە لە نێوان هەولێر و بەغدا".

ئێستە حكوومەت سەرقاڵی دابەشكردنی نیوەمووچەی مانگی تشرینی یەكەمی 2017ی وەزارەتەكانە، بەڵام هێشتا دیار نییە كەی مووچەی وەزارەتی پەروەردە دەخرێتە ناو لیستەكەوە. بە گوتەی هێرش عەزیز مامۆستای سەرەتایی، ئەوان لە هەردوو دین بوون و قوربانیی ململانێ سیاسییەكانی نێوان هەولێر و بەغدان. زیاتر گوتی، ئەگەر بیانزانیایە هیچ مووچەیەك لە بەغداوە نایەت، ئەوا زیاتر رەچاوی ئەوەیان دەكرد زێدەڕۆیی لە خەرجكردندا نەكەن.

سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان رەخنە لە وەزارەتی دارایی هەرێم دەگرێت و پێی وایە دەبوو وەزارەتی پەروەردەش بخرایەتە ناو لیستی مووچە مانگی تشرینی یەكەمەوە، پێشتریش وەزیری پەروەردە بەڵێنی ئەوەی دا كە نیوەمووچەی مامۆستایان لەگەڵ وەزارەتەكانی تر دابەش دەكرێت، بۆیە دواكەوتووە چونكە بڕێكی زیاتر پارە پێویستە بۆ دابینكردنی مووچەی ئەم وەزارەتە.

تا كێشە سیاسییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر نەبن، پرسی مووچە بە ناڕوونی دەمێنێتەوە و تەنانەت ئەگەر حكوومەتی بەغدا چەند جارێكیش مووچە رەوانە بكات، هێشتا ناتوانێت ئۆقرەیی بە فەرمانبەرانی كوردستان و بازاڕەكەی ببەخشێت.




وشە - سلێمان تاشان