لەسەر بودجە.. مشتومڕ دەكەوێتە نێوان كورد و سەرۆكی پەرلەمان

:: PM:01:00:13/02/2018 ‌

لە دانیشتنی ئەمڕۆ سێشەم 13ی شوبات، سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پڕۆژەی بودجەی خستە كارنامەی دانیشتنەكان و بەهۆیەوە مشتومڕ لە نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان و جبووری رووی دا و دانیشتنەكەی پەرلەمان بۆ نیو سەعات دوا خرا.

دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان درێژكراوەی سێ دانیشتنی پێشتری پەرلەمان بوو كە رۆژی دووشەمی رابردوو لەسەر پرسی بودجە دوای بایكۆتكردنی فراكسیۆنە كوردستانییەكان، رێژەی یاسایی ئامادەبوونی ئەندامان لە دانیشتنەكە تێكچوو، دواتر دانیشتنەكە بۆ رۆژی یەكشەمی رابردوو درێژ كرایەوە، بەڵام دووبارە رێژەی یاسایی ئامادەبووان تەواو نەبوو، دیسان درێژ كرایەوە بۆ ئەمڕۆ سێشەم.

تاریق گەردی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" رای گەیاند، جبووری پڕۆژەی بودجەی خستە كارنامە، بەڵام فراكسیۆنە كوردستانییەكان ناڕەزایییان دەربڕی و بەهۆیەوە دانیشتنەكە تێكچوو.

زیاتر گوتی "جبووری دانیشتنی پەرلەمانی بۆ نیو سەعات هەڵگرت بە مەبەستی هێوركردنەوەی رەوشەكە".

پرسی خستنە كارنامەی بودجەی 2018ی عێراق لە دانیشتنی پەرلەمان، لە كاتێكدایە فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەڵێن عەبادی بەرانبەر بەو بەڵێنانەی پێیانی داوە بۆ دەستكاریكردنی بودجە و شایستە دارایییەكانی هەرێمی كوردستان، پاشگەز بووەتەوە.

هاوكات رۆژی یەكشەمی رابردوو جۆرێك لە لێك تێگەیشتن لە نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان و هێزە سوننەكان هەبوو كە بێ یەكتر دەنگ بە بودجە نەدەن تا ئەوكاتەی تەواوی داواكارییەكانیان جێبەجێ دەكرێت.

داواكاری فراكسیۆنە كوردستانییەكان زیاتر خۆی لە چوار خاڵ دەبینێتەوە، لە سەرووی هەموویان راستكردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستانە 12.6% بۆ 17%، هەرچی داواكاریی سوننەكانە خۆی لە هەشت خاڵ دەبینێتەوە.

سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ حەیدەر عەبادی بە تەلەفۆن قسەی كردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ كورد و سوننە لەسەر بودجە كۆ ببێتەوە و داواكارییەكانیان پەسند بكات.

لەسەر ئەو لێكگەیشتنە، تاریق گەردی دەڵێ لێتێگەیشتن هەبووە، بەڵام بەڵێنیان بە سوننەكان داوە پێنج لە داواكارییەكان جێبەجێ بكەن، بەڵام ئەوانیش متمانەیان بە عەبادی نییە. گوتی "عەبادی لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەسەر پرسی بودجە كۆ نابێتەوە".



وشە - فه‌رمان سادق