ئۆپیك: ئەمساڵ خواست لەسەر نەوت زۆر بەرز دەبێتەوە

:: PM:01:07:13/02/2018 ‌


لە كاتێكدا هەفتەی رابردوو نرخی نەوت دابەزینی بەخۆیەوە بینی، جارێكی تر نرخی نەوت بەرز بووەوە. ئۆپیكیش دەڵێ خواست لەسەر نەوت زۆر لەو رێژەیە زیاترە كە چاوەڕوانیان دەكرد.

دوای دابەزینی نرخەكەی، ئەمڕۆ سێشەم 13ی شوبات، نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت بە 63 دۆلار و 74 سەنت فرۆشرا، بەمەش 95 سەنت لە نرخەكەی بەرز بووەوە كە دەكاتە 2%.

هەر لەم چوارچێوەیەدا ئۆپیك لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا رای گەیاند كە خواستی وڵاتانی دنیا لەسەر نەوت زۆر لەوە زیاتر زیادی كردووە كە ئۆپیك پێشبینی كردووە. دەڵێ ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەنگاوەكانی ئۆپیك لە هاوسەنگكردنی نرخی نەوت و خستنەڕووی لە بازاڕ.

لە راپۆرتەكەی ئۆپیك هاتووە كە هاوسەنگی لە نێوان نرخ و خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بەم نزیكانە بەدەست نایەت، بەڵكو تا كۆتای ساڵ دەخایەنێت، هۆیەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەمەریكا و وڵاتانی تری نائەندام كە بەرزبوونەوەی نرخ لە بەرژەوەندیی ئەوانیشدایە و زیاتر وەبەرهێنان لە نەوتی بەردین دەكەن.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەكەی ئۆپیك، پێویستی رۆژانەی وڵاتان 60 هەزار بەرمیل زیاد دەكات و لە كۆتای ساڵیشدا دەگاتە ملیۆنێك و 59 هەزار بەرمیل. دەڵێ بەهۆی پێشكەوتنە ئابوورییەكان و سەقامگیری لە ماوەی رابردوودا هۆكاری سەرەكین لەسەر زیادبوونی خواست لەسەر كڕینی نەوت.

لە بارەی بەرهەمی رۆژانەی ئۆپیكیش، دەڵێ بەگوێرەی ئامارەكان، ئێستە ئۆپیك رۆژانە 32 ملیۆن و 302 هەزار بەرمیل نەوت لە مانگی رابردوو خستووەتە بازاڕەكان، بەمەش رۆژانە هەشت هەزار بەرمیل نەوت كەمی كردووە.

 جێی باسە ئۆپیك و رووسیا و هەندێ وڵاتی تری بەرهەمهێنی نەوت رێككەوتنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە نێواندا هەیە، بە جۆرێك رۆژانە دەبێت ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوت كەمتر بخەنە بازاڕەكان. رێككەوتنەكە كە ساڵی 2017 واژوو كراوە، بۆ ساڵی 2018ەیش درێژ كراوەتەوە.

ئەلكساندەر نوڤاك وەزیری وزەی رووسیا دەڵێ، ئەگەر رێككەوتنەكە هەڵوەشێنینەوە، ئەوا پێویستیمان بە دوو تا پێنج مانگ هەیە. گوتی "رێككەوتنەكە سێ بەشی ئامانجەكەی پێكاوە".

 سەرچاوە/ بەغداد


وشە - فه‌رمان سادق