ئەمڕۆ وردبینی لە لیستی مووچەی چەند وەزارەتێكی تر كرا

ئەو لیژنەی كە لە بەغداوە بە مەبەستی وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەران هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەم 13ی شوبات، سەردانی چەند وەزارەتێكی تری كرد و وردبینی لە لیستی مووچەی چەند وەزارەتێكی تر دەست پێ كرد.

24ی مانگی ڕابردوو لیژنەیەكی وردبینی لەسەر بڕیاری حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و تا ئێستە كارەكانیان بەردەوامە، دوو جار راپۆرتی وردبینی لیستی مووچەی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستییان بەمەبەستی ناردنی مووچە ڕەوانەی بەغدا كردووەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لیستی وردبینی مووچەی بەغدا سەردانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی پلاندانیان كردووە و وردبینییان لە لیستی مووچە دەست پێ كردووە. فوئاد عوسمان گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان زانیاریەكانی "وشە"ی پشتڕاست كردەوە.

هاوكات پێشتر ڤیان جاف بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی تەندروستی بە "وشە"ی ڕاگەیاندبوو، لیژنەی وردبینیی مووچە كە لەبەغداوە هاتوون، بەردەوام ڕاپۆرتەكانیان لەبارەی كارەكانیان بۆ بەغدا دەنێرن.

كارەكانی لیژنەی وردبینیی مووچە لەكاتێكدایە كە تا ئێستە ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە تەنیا لە چوارچێوەی قسە و بەڵێن ماوەتەوە و هیچ هەنگاوێكی كردەنی بۆ ئەوە نەنراوە.

 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:03:02:13/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 745 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌