فراكسیۆنە كوردستانییەكان چاوەڕوانی سەركردایەتیی سیاسیی كورد دەكەن

:: PM:03:24:13/02/2018 ‌
فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا و ڕایان گەیاند كە هەڵوێستی ئەوان بەردەوام دەبێ‌ لەسەر بایكۆتكردن و داوایان كردووە كۆبوونەوەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بكرێت لەبارەی بودجە.

ئەمڕۆ سێشەم 13ی شوبات، ئەمین بەكر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا لە بەغدا ڕای گەیاند، فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەردەوام دەبن لە بایكۆتی دانیشتەكان تا ئەوكاتەی تێبینییەكانی كورد لە بودجەدا جێگیر دەكرێت.

زیاتر گوتی، پشتیوانی لە بودجەیەك ناكەین كە پێشێلكاری بەرانبەر بە كورد تێدا كرابێت و داوامان كردووە كە كۆبوونەوەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بكرێت لەبارەی بودجە.

ئەمین بەكر دووپاتی كردەوە كە فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ هەڵوێستی زیاتر چاوەڕوانی سەركردایەتیی سیاسیی كورد دەكەن لە هەرێمی كوردستان.

لەلایەكی ترەوە ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ڕای گەیاند، لە دادگای فیدراڵی سكاڵا تۆمار دەكەن و پاڵەپەستۆی زیاتر دروست دەكەن بۆ ئەوەی تێبینییەكانی كورد جێگیر بكرێت.

رەشید لە بەشێكی تری قسەكانیدا گوتی، كۆبوونەوە لەگەڵ تەواوی لایەنەكانی ناو پارلەمان كراوە و بۆیان روون كراوەتەوە كە پڕۆژەی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2018 نادەستوورییە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە لە دانیشتنی ئەمڕۆ سێشەم 13ی شوبات، سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پڕۆژەی بودجەی خستە كارنامەی دانیشتنەكان و بەهۆیەوە مشتومڕ لە نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان و جبووری رووی دا و دانیشتنەكەی پەرلەمان بۆ نیو سەعات دوا خرا.

پرسی خستنە كارنامەی بودجەی 2018ی عێراق لە دانیشتنی پەرلەمان، لە كاتێكدایە فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەڵێن عەبادی بەرانبەر بەو بەڵێنانەی پێیانی داوە بۆ دەستكاریكردنی بودجە و شایستە دارایییەكانی هەرێمی كوردستان، پاشگەز بووەتەوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم