بۆ سەرپەرشتی ھەڵبژاردنەکان ئەمەریکا ھێزێکی خۆی بۆ ناوچە سوننەکان رەوانە دەکات

:: PM:03:31:13/02/2018 ‌

گوتەبێژی ھۆزە عەرەبەکانی مووسڵ گوتی، دوای پێشکەشکردنی داواکارییەک بۆ ئەمەریکا بۆ ئەوەی ھێزێکی خۆی رەونەی ناوچە سونیەکان بکات،لەئێستادا رەزامەندی داوە کە ھێزێکی خۆی رەوانەی ھەموو ناوچە سونیەکان بکات وسەرپەرشتی ھەڵبژاردنەکان بکەن.

مزاحم ئەلحویت گوتەبێژی ھۆزە عەرەبەکانی مووسڵ بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی رابردوو، ئێمە وەک سوننەکان، داواکارییەکمان بە فەرمیی پێشکەشی ئەمەریکا کرد و تێیدا داوامان کرد ھێزێکی خۆیان لەناوچە کوردستانەیکانی دەرەوەی ھەرێم وناوچە سونیەکان بەڵاوە بکەن وپارێزگاری لەسونەکان بکەن لەکاتی بەرێوە چوونی ھەڵبژاردنەکان وحەشدی شەعبیش لەناوچەکە دەربکەن وھێزی پێشمەرگەش بگەرێتەوە بۆ ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بۆیە لەئێستادا ئەمەریکا رەزامەندی لەسەر ئەو داواکاریەی ئێمە دەربریووە.

گوتەبێژی ھۆزە عەرەبەکانی مووسڵ ئه‌وه‌شی گوت، بڕیارە ئەمەریکا فیرەقەی 10ی چیایی خۆی رەوانەی عێراق بکات و لە ناوچە کوردستانییەکان و سوننەنشینەکان بڵاو بکاتەوە، بۆ ئەوەی لە کاتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان، ئەوان سەرپەرشتی بکەن و رێگە نەدەن بە ھۆی بوونی حەشدی شەعبی کێشە دروست بێت و ئەوانیش لەناوچەکە دەربکەن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، مەبەست لە ناردنی ئەو ھێزانه‌ بۆ ناوچە سوننەکان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بۆ ئەوەیە کە شەڕی تائیفی لەو ناوچانە دروست نەبێت.

بڕیارە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە پێنجی كانوونی یه‌كه‌می ئەمساڵ لە سەرتاسەری عێراق بەرێوە بچێت، بەڵام بەھۆی دۆخی نالەباری ناوچە سوننەکان ھەر زوو داوای دواخستنی پرۆسەکەیان کرد و حکوومەت و پەرلەمانیش رازی نەبوون دوابخرێت.

وشه‌/ بڵند ئیبراھیم 



وشە - تایبه‌ت