دوا زانیاری لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا

:: PM:03:48:13/02/2018 ‌
راوێژكارێكی سەرۆك كۆماری عێراق ڕای گەیاند، هەموو كارەكانی كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان تەواو بووە و  تەنیا ماوە بڕیاری لەسەر بدرێت و گەشتەكان دەست پێ بكاتەوە هاوكات باس لە تەواوی بوونی كاری لیژنە هاوئاهەنگەكانی نێوان هەرێم و بەغدایش دەكات.

فەرهاد عەلائەدین ڕاوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن، بەڵام تا ئێستە هیچ هەنگاوێكی كردرای نەنراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

لەبارەی كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان ڕاوێژكارەكەی سەرۆك كۆماری عێراق گوتی، هەموو كارەكانی كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان تەواو بووە و ئێستە لەبەردەستی سەرۆك وەزیرانی عێراقە  بۆئەوەی بڕیاری كردنەوەیان بدات.

ئاماژەی بەوەیشكرد كە  ئەو لیژنانەی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست كرابوون بۆ چارەسەركردنی كێشەكان زۆرێك لە لیژنەكان كارەكانی خۆیان تەواو كردووە، تەنیا پرسی نەوت ماوە كە چۆن رادەستی بەغدا بكرێت كە ئەم پرسەش گفتوگۆی زیاتری پێویستە.

لە ماوەی رابردوو شاندی حكوومەتی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كردوو رێككەوتنێك واژوو كرا بۆ ئەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بكرێنەوە، بەڵام تا ئێستە نەكراونەتەوە. فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان وەك سزایەك بۆ هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە لە 26ی ئەیلوولی ساڵی ڕابردووەوە داخراون.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - سه‌رخێڵ هاشم