یه‌كێتی له‌سه‌ر په‌یامه‌كه‌ی بارزانی چی ده‌ڵێ؟

:: PM:08:40:21/11/2016 ‌

هێشتا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هه‌ڵوێستی فه‌رمیی خۆی سه‌باره‌ت به‌ په‌یامه‌كه‌ی بارزانی ڕا نه‌گه‌یاندووه‌، ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبه‌كه‌ش ده‌ڵێ: دیراسه‌ی ده‌كه‌ین.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ ئۆرگانی حزبه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به‌ په‌یامه‌كه‌ی مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ حزبه‌ سیاسییه‌كان ڕای گه‌یاندووه‌: وەك یەكێتی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەكانمان پێ گرنگە تا بۆ قۆناغی دوای داعش تەگبیرێك بكەین.

ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو: لەسەر پێشنیارەكانی بارزانی، پێویستە دیراسەی بكەین و كۆبوونەوەیەكی لەسەر بكەین و بۆچونێكی گشتگیری یەكێتی رابگەیەنین، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ مەكتەبی سیاسی  راوبۆچون دەگۆڕینەوە تا بۆچونێكی هاوبەش گەڵاڵە بكەین و بەمنزیكانەش وەڵامدەدەینەوە.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی راشی گەیاند: كاك مەسعوود لە پەیامەكەیدا باسی سێ سەرۆكایەتییەكەی كردوە، ئەوەش بابەتێكی هەستیارە و پێویستی بەدیراسەكردنە تا دواتر هەڵوێستی خۆمان رابگەیەنین.

دوێنێ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بۆ ڕای گشتی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا باسی له‌ قه‌یرانه‌ سیاسی و ئابوورییه‌كانی كوردستان كرد و گوتی: پێویسته‌ حزبەكان لەسەر ئەوە ڕێكبكەون حكوومەتێكی نوێ دابمەزرێت و بەڕێزێكیش بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم هەتا كاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بكرێت بۆ ئەوەی ئەركی سەرۆكایەتیی هەرێم بگرێتە ئەستۆ و، منیش بە هەموو توانایەك یارمەتیی ئەو پڕۆسەیە دەدەم.




وشە - كوردۆ شابان