ڤالانتاین یه‌كێكه له باوترین بۆنه‌كانی دنیا، كه تایبه‌ته به یادكردنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی نێوان هاوسه‌ر و خۆشه‌ویسته‌كان، ساڵانه چه‌ندان جۆری جیاواز ئاهه‌نگ بۆ یادكردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆژه ده‌گێڕدرێت، ئه‌مساڵیش له ئامێدی به شێوازێكی جوان یادی كرایه‌وه.
له‌م ڕۆژه‌دا، ئاشقان به گوڵی سوور پیرۆزبایی ڕۆژی خۆشه‌ویستی له یه‌كتر ده‌كه‌ن، چه‌ندان دیاری بۆ یه‌كتر ده‌به‌ن و دووباره خۆسه‌ویستییه‌كه‌یان نوێ ده‌كه‌نه‌وه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه دووكانی گوڵفرۆشان له‌م ڕۆژه‌دا زۆرترین گوڵ ده‌فرۆشن و به شێوازی جیاواز پێشكه‌شی كڕیارانیان ده‌كه‌ن.
جیهاد عه‌بدوللا خاوه‌نی گوڵخانه‌یه‌كه له شاره‌دێی شیلادزێی سه‌ر به شارۆكه‌ی ئامێدی، به وشه‌ی گوت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنی خه‌ڵك بۆ یادكردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆژه گۆڕاوه، ئێسته خه‌ڵكی زۆر زیاتر باوه‌ڕیان به ڕۆژی خۆشه‌ویستی هه‌یه و به جۆش و خرۆشێكی زۆره‌وه یادی ده‌كه‌نه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه كڕیاری گوڵیش له‌م ڕۆژه‌دا زۆر زیادی كردووه و گه‌نجان به ڕێژه‌یه‌كی زۆر ڕوو له كڕینی گوڵی سوور ده‌كه‌ن و پێشكه‌شی خۆشه‌ویسته‌كانیان ده‌كه‌ن.
هه‌رچه‌نده ئه‌م ڕۆژه تایبه‌ته به ئاڵوگۆڕكردنی خۆشه‌ویستی نێوان ئاشقان، كه‌چی له كوردستان كوڕان زیاتر یادی ئه‌م ڕۆژه ده‌كه‌نه‌وه و به ئاشكرا گوڵی سرووشتی و دیاری پێشكه‌شی خۆشه‌ویسته‌كانیان ده‌كه‌ن.
ڤاڵنتاین ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چێرۆكێكى سه‌ده‌ى سێیه‌م، كه فه‌رمانڕه‌وایه‌ك به‌ناوى كلودیوسى دووه‌م، فه‌رمانڕه‌وایى شارى ڕۆمای كردووه، له‌و كاته‌دا ئه‌و پێى وابووه ئه‌گه‌ر سه‌ربازان خویان له هاوسه‌رگیرى و منداڵبوون دوور بگرن، ئه‌وا زیاتر ده‌توانن بجه‌نگن و شه‌ر بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه هاوسه‌رگیرى له‌نێو سه‌ربازه‌كاندا قه‌ده‌غه‌كرا.
به‌ڵام قه‌شه‌یه‌ك به‌ناوى Valentine of Terni، كه له ساڵى 226ز له شارى تێرناى ئیتاڵى له‌دایك بووه، به شێوه‌یه‌كى نهێنى كچ و كوڕانی له یه‌كتر ماره ده‌كرد، كاتێك ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایه به‌وه‌ی زانى، یه‌كسه‌ر بڕیاری له‌سێداره‌دانی بۆ قه‌شه‌كه ده‌ركرد، و ڤاڵنتاین له رێكه‌وتى 14 شووباتى ساڵى 269 له ڕۆما له‌سێداره درا، له كۆماری ئیرله‌ندا نێژراوه.
ئامێدى ، نه‌وزاد هلورى