كوێت سەربازی بیانی دەخاتە ریزی سوپاكەیەوە

:: PM:05:00:13/02/2018 ‌

 ئەمڕۆ پەرلەمانی كوێت رەزامەندی لەسەر پرۆژە یاساییەك دا كە رێگە دەدات بەوەی كەسانی بیانی بخاتە ریزی سوپای ئەو وڵاتەوە.

 ئەمڕۆ سێشەم لە پەرلەمانی كوێت، رەزامەندی لەسەر پرۆژە یاسایەك درا، كە رێگە دەدات بە كەسانی بیانی لە ریزەكانی سوپای كوێت ببن بە سەرباز، لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوێت 44 ئەندام رەزامەندیان بۆ پڕۆژە یاساكە دا و پێنج ئەندامیش دژی بوون، تەنیا ئەندامێك ئامادە نەبوو، دەنگ لەسەر پرۆژەكە بدات.

بەپێی ئەو پرۆژە یاسا نوێیە دەكرێت كەسانی بیانی، كە ئەفسەر و شارەزای سەربازی بن و كوێتی نەبن، بە شێوەیەكی كاتی بچنە ریزی سوپای كوێتەوە. جا بە شێوەی خواستن یان گرێبەست بێت، ئەمەیش بەپێی ئەو مەرج و بارودۆخەی كە فەرمانی ئەمیریی تایبەتی بۆ دەردەچێت لە ماوەی سێ مانگ دوای دەرچوونی یاساكە.

ئەمەیش هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە 32 و مادەی 29 یە كە لەساڵی 1967 دەرچووە، بە پێی یاساكەی ئەو كات تەنیا لە بارودۆخی تایبەت ئەم كارە دەكرا و ئەمیش بە پێی فرمانی وەزیری بەرگریی دەبوو.

سوپای كوێت لە ساڵی 1948 بە فەرمی دامەزراوە و بەپێی دوایین ئامار ژمارەی سەربازانی كوێت 15 هەزار و 500 سەربازە.

سەرچاوە/ سپوتنیك





وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل