لە پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆكردن لەسەر دوو پڕۆژە یاسا دوا خرا

:: PM:05:49:13/02/2018 ‌

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان كە درێژ كراوەی كۆبوونەوەی دوێنێ‌ بوو گفتوگۆ لەسەر سێ‌ پڕۆژە یاسا كرا و لە ئەنجامدا پەرلەمانتاران بڕیاریاندا گفتوگۆ لەسەر چەند پڕۆژە یاسایەك دوا بخەن بۆ كۆبوونەوەی داهاتوو.

ئەمڕۆ سێشەم 13ـی شوبات، ماجد عوسمان ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەكی ئەمڕۆدا هەردوو راپۆرتی تایبەت بە یاسای میلاكات و یاسای نەهێشتنی بازرگانی كردن بەجەستەی مرۆڤەوە گفتوگۆی لەسەر كرا كە ئەم دوو یاسایە لەلایەن عێراقەوە دەرچووە بۆ بەبەركاركردنیان دوا خرا بۆ دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان.

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان زیاتر گوتی، پەرلەمانتارانی كوردستان پێیان باش بوو كە گفتوگۆی زیاتر لەسەر ئەو پڕۆژانە بكرێت، بۆیە بۆ دانیشتنێكی تری پەرلەمان دوا خران.

لەبارەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان لەو هەفتەیەدا گوتی، لەو هەفتەیە هیچ كۆبوونەوەییەك ناكرێت و هەر ئەمڕۆش گفتوگۆ لەسەر پەیڕەوی ناخۆی پەرلەمانی كوردستان كرا.

دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان لە ڕۆژی دووشەمی ئەو هەفتەیە ئەنجامدرا و ئەمڕۆش درێژكراوەی كۆبوونەوەكەی دوێنێ بوو كە پڕۆژە یاسای زێدەڕۆیی كردن بۆ سەر موڵكی دەوڵەت پەسەند كرا كە نزیكەی 80 هەزار زێدەڕۆیی لە هەرێمی كوردستان هەیە.



وشە - رامیار جەواد