هاوپەیمانی ناتۆ بازنەی مەشقكردن لە عێراق فرەوانتر دەكات

:: PM:06:27:13/02/2018 ‌

یەنس ستۆلتنبێرگ، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانی باكوری ئەتلەسی (ناتۆ) ئاشكرای كرد كە هاوپەیمانی ناتۆ بازنەی مەشقكردنی سەربازی لە عێراق زیاد دەكات و ئەمەیش لە تەموزی داهاتوودا جێبەجێ دەكرێت.

ستۆلتنبێرگ ئەمڕۆ سێشەم ئاشكرای كرد، هاوپەیمانی ناتۆ ئامادەیە بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو داوایە بداتەوە كە لەلایەن ئەمەریكاوە ئاراستەی كراوە، بۆ فرەوانكردنی بازنەی مەشق پێكردنی سەربازی لە عێراق.

 پێشتر ئاژانسی (رۆیتەرز) ئاشكرای كردبوو، جیم ماتیس، وەزیری بەرگری ئەمەریكا مانگی رابردوو نامەیەكی بۆ ناتۆ ناردووە، لە نامەكەی داوای پێكهێنانی تیمێكی فەرمی ناتۆی كردووە، كە تایبەت بێت بە مەشقكردن و راوێژكردن، تا هاوكاری عێراق بكرێت لە دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو وڵاتە لە دوای شەڕێكی سێ ساڵە لەگەڵ رێكخراوی تیرۆریستی داعش.

ستۆلتبێرگ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی گوتی،"دەبێت ئاشتی بەدەست بێنین"، هەروەها پێشبینی كرد كە وەزیرانی بەرگری ئەندام لە ناتۆ پلان بۆ مەشقێكی فرەوانتر دابنێن لە عێراق، ئەمەیش لە میانەی كۆبوونەوەی پێنجشەمی داهاتوو دەبێت و بڕیاری كۆتاییش لە مانگی تەمووز جێبەجێ دەكرێت.

ئەم هەفتەیە ئەمینداری گشتیی ناتۆ لە كۆنگرەی تەناهی لە میۆنیخی ئەڵمانیا لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران كۆ دەبێتەوە. ئەو  لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەمرۆدا رەتی كردەوە قسە لەسەر ژمارەی سەربازانی ناتۆ بكات لە عێراق و تەنیا گوتی، "فرەوانكردنی مەشقكردنەكەی ئێمە وەزارەتی بەرگری عێراق و هەڵگرتنەوەی تەقەمەنییەكان لەخۆ دەگرێت".

هەرچەندە ناتۆ چەند راهێنەرێكی لە عێراق هەیە كە لە باڵوێزخانەی بەریتانیان لە بەغدا، بەڵام ئێستە بڕیار دراوە، ژمارەیان زیاتر بكرێت تا شارەكانی تری عێراقیش بگرێتەوە.

سەرچاوە / رۆیتەرز






وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل