كوێتییەكان داوا دەكەن هاوكاری عێراق نەكرێت

:: PM:06:38:13/02/2018 ‌

 لە هەڵمەتێكدا كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەستی پێ كردووە، هەندێك لە كوێتییەكان داوا لە رێكخراوەكان دەكەن هاوكاری عێراق نەكەن.

 لە دوێنێوە كۆنگرەی ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە كوێت دەستی پێ كردووە و چاوەڕوان دەكرێت سەدان كۆمپانیا و رێكخراو و نوێنەرانی دەوڵەتی بەشداربوو لە كۆنگرەكە بەشداریی لە ئاوەدانكردنەوەی عێراق بكەن.

 لەم كاتەدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هاووڵاتییانی كوێت ناڕەزایی دەردەبڕن بۆ ئەمەیش هاشتاگێكی تایبەتیان هەیە، داوا لە رێكخراوە خێرخوازییەكان دەكەن پارە بە عێراق نەدەن، بەڵكو خەڵكی كوێت بەشیاوتر دەزانن بۆ ئەوەی هاوكاری بكرێت.

 داوایەكە بە شێوەیەكی تایبەت ئاراستەی رێكخراوە كوێتییەكان دەكرێت بۆ ئەوەی بایكۆتی كۆنگرەكە بكەن.

 رەنگە ئەم هەڵمەتەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە دژی هاوكاریكردنی عێراق، كاریگەریی لەسەر ئاراستەی كۆنگرەكە نەبێت، بەڵام لە رووی پاشخانی مێژووییەوە، ئەو رق و دوژمنایەتییە دەردەخات كە لە نێوان كوێت و عێراق هەیە.

لە دووی ئابی ساڵی 1990 بە بڕیارێكی سەدام حوسێن، سەرۆكی پێشووی عێراق، هێزەكانی عێراق كوێتیان داگیر كرد، لە ئۆپراسیۆنی داگیركردنەكە چەندین كردەی دزی و تاڵانی و كوشتنیان ئەنجام دا.

سەرچاوە/ شەفەق نیوز



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل