بودجەی عێراق بەبێ كورد تێپەڕ دەكرێت؟

:: PM:07:09:13/02/2018 ‌

تاوتوێكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ 2018 لەناو پەرلەمانی بەردەوامە و پەرلەمانتارانی هەموو پێكهاتەكان خەریكی دووەم خوێندنەوەی پڕۆژە یاساكەن، پەرلەمانتارانی كورد لەو كاتەی رووی گلەییكردن دەكەنە هەردوو پێكهاتەی شیعە و سوننەوە، ئەوان دەڵێن بەبێ كورد پڕۆژەكە تێپەڕ ناكرێت. 

فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە كۆتایی بە دووەم خوێندنەوەی پڕۆژە یاساكە هاتووە لەبارەی دانیشتنی ئەمڕۆیشەوە رای گەیاند كە پەرلەمان لە 12م دانیشتنیدا ئەمڕۆ سێشەم كۆتایی بە خوێندنەوە و تاوتوێكردنی راپۆرتی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی 2018ی عێراق هێنا. 

بەپێی فەرمانگەكە لە سەرەتای دانیشتنەكەی ئەمڕۆ سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمان لەسەر بنەمای پێشنیازی لیژنەی دارایی رێنوێنی دا بە سازكردنی دانیشتنێكی بارستەكانی پەرلەمان لەگەڵ لیژنەی دارایی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2018 و دووپاتی كردەوە كە سوورن لەسەر وەرگرتنی تێبینییەكانی بارستە پەرلەمانییەكان لەبارەی بودجەوە و رایشی گەیاند كە پێوەندیان بە سەرۆك كۆمارەوە كردووە بۆ سازكردنی دانیشتنێكی هەرسێ سەرۆكایەتی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پرسی دەنگدان لەسەر بودجەوە.

لەبارەی تێبینی پەرلەمانتارانەوە لەسەر پڕۆژەكە، چەندان تێبینی پێشكەش كران لەوانە لەبارەی پێویستی پێشكەشكردنی حیساباتی كۆتایی بودجەكانی ساڵانی پێشوو و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە قەرزی دەرەكی و مسۆگەركردنی مافی دارایی پارێزگا بەرهەمهێنەكانی نەوت و روونكردنەوەی چۆنیەتی دابەشكردنی ئەو پارەی بۆ ئەو مەبەستە دیاری كراوە و هاندانی وەبەرهێنان و زیادكردنی پارەی تەرخانكراو بۆ كەربەلا لەسەر بنەمای دۆلارێك بۆ هەر سەردانیكارێك.

پەرلەمانتاری كورد ئەحمەد حەمەئەمین ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە رێژەی قەرەبووكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بودجە كەم كراوەتەوە بە شێوەیەك كە بەشێكی زۆری فەرمانبەران ناگرێتەوە، هەروەها دەستەواژەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان پێشێلكردنی دەستوورە، چونكە مانای وایە كە حكوومەتی ناوەند نایەوێت مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمدا بكات و ئاماژەی كرد كە هەروەها مامەڵەكردنی دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەگەڵ لقەكانی چاودێری دارایی لە پارێزگاكانی هەرێم پێشێلكارییەكی ترە و دووپاتی كردەوە كە ئەو 12.67%ی پشكی هەرێم لە بودجە خراوەتە روو ورد نییە و ژمارەی تر هەن.

لەلایەكی تر پەرلەمانتارانی عێراق تێبینی تریان هەبوو وەك نەمانی پێویستی بۆ بڕینی رێژەی 3.8% لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و زیادكردنی پاداشتی دوایی خزمەت بۆ بودجە و خەرجكردنی مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەرانی ناوچە ئازادكراوەكان لە دوای لێوردبوونەوەی یاسایی و تەناهی و گواستنەوەی دەسەڵاتەكان بۆ پارێزگاكان و قەرەبووكردنەوەی ئەو كەسانەی زیان بە خانووەكانیان كەوتووە.

لەو ناوەدا پەرلەمانتارێكی شیعە داوای كرد كە قسە لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق بكرێت بۆ زانینی رێژەی دانیشتوانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بۆ مسۆگەركردنی پشكی ئەوان لە بودجەدا و هەروەها پەرلەمانتاران باسی پڕۆژە ستراتیجییەكانی كەركووكیان كرد. جگە لە داوای زیادكردنی پشكی دامەزراندن بۆ هەندێك وەزارەت بە تایبەتی تەناهییەكان و زیادكردنی پارەی تەرخانكراو بۆ پارێزگای نەینەوا و رەخساندنی هەلی وەبەرهێنمان لە كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و نەهێشتنی بێكاری.

پەرلەمانتاران وریاییان لەبارەی سەپاندنی باجی 10% بەسەر كاڵاكان دا بەوەی دەبێتە بارگران بۆ سەر هاووڵاتییان و كەمكردنەوەی كورتهێنانیشیان لە رێگەی قەرزی دەرەكی بە نەرێنی دانا، داواشیان كرد كە داهاتی خاڵە سنوورییەكان بەسەر پارێزگانیان دابەش بكرێت، هەروەها داوایان كرد پارەی تەرخانكراو بۆ وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی زیاد بكرێت و پارە بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی خورماتوو دابین بكرێت، بۆیە لە كۆتایی دانیشتنەكەدا هەموو ئەو تێبینیانە كۆ كرانەوە و درانە لیژنەی دارایی بۆ چاوخشاندن پێیان و بڕیار درا كە پێنجشەمی داهاتوو دەست بە دانیشتنی پەرلەمان بكرێتەوە.

لای خۆیەوە شاخەوان عەبدوڵا پەرلەمانتاری كورد دووپاتی كردەوە كە گۆڕانكارییەك لە هەڵوێستی بارستەكانی عەرەبی بە شیعە و سوننەوە دروست بووە و ئەوان پاڵپشتی لە داواكاری یاسایی و دەستووری كورد دەكەن و پێشبینی كرد كە ئەگەر حكوومەت هەر سووربێت لەسەر هەڵوێستی لە بەرانبەر كوردەوە ئەوە بودجە تێپەڕ ناكرێت.

زیاتر گوتی، سەرۆكی بارستەی بەدر لە پەرلەمان رای گەیاندووە كە عەبادی بەڵێنی داوە بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ كانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ و بەڵێنەكەیشی جێبەجێ نەكرد، عەبدوڵا ئاماژەی كرد كە هەمووان كۆكبوون لە سەر دابینكردنی مافەكانی كورد و مووچەی فەرمانبەرانی.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە كە پشكی بوجەی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان بكرێتە 17% یان 20% ئەوە حكوومەتی عێراق لە دادگەی فیدراڵ تانەی لێ دەدات و ئاماژەی كرد كە چارەسەرییەكە گەڕاندنەوەی بودجەكەیە بۆ حكوومەت بۆ هەمواركردنەوەی و دیاریكردنی رێژەی یاسایی هەرێم لەوێوە.

عەبدوڵا پێشبینی كرد بە مانەوەی ئەو ناكۆكییانە تا كاتی سووربوونی حكوومەت لەسەر هەڵوێستەكەی و بەو شێوەیە بودجە تێپەڕ نابێت و ئەو حكوومەوتی تاوانبار كرد بەوەی سیاسەتەكانی لە سیاسەتوانی رژێمی پێشوو جیاواز نییە لە بەرانبەر جینۆسایدكردنی بە كورد.

لەو كاتەی كە موسەنا ئەمین، پەرلەمانتارێمی تری كورد دووپاتی كردەوە كە نەنگییە پەرلەمان لە دانیشتنەكانی بەو شێوەیە بە بێ تەواوبوونی نیسابی یاسایی بەردەوام بێت بۆ تێپەڕاندنی یاساكان و داوایشی لە هەرسێ سەرۆكایەتییەكە كرد كە بەپەلە كۆ ببنەوە و رێگە نەدەن حكوومەتی عێراق ئەمری واقیع لەو بارەوە بسەپێنمێت.  

ئەو پەرلەمانتارە سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی تۆمەتبار كرد بەوەی بەردەوامە لە پێڕەوكردنی رەوتە هەڵەكەی بە تێپەڕاندنی یاساكان لەناو پەرلەمان و خوێندنەوەیان بە بێ بوونی نیسابی یاسایی و بە نەنگی وەسف كرد.

سەرچاوە: بەغداد تودەی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل