كۆمپانیاكانی یەكێتی لە سلێمانی سەرانە لە هاووڵاتییان وەردەگرن

:: PM:07:52:13/02/2018 ‌
لە سنووری پارێزگای سلێمانی حەوت كۆمپانیا بە ناوی جیاوازەوە سەرانە لە هاووڵاتییان وەردەگرن و ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش ڕای گەیاند، یەكێتی خاوەندارییەتی ئەو كۆمپانیایانە دەكات.

ئەمڕۆ سێشەم 13ی شوبات، غالب محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەندان كۆمپانیا لە ژێر ناوی جیاواز پارە و سەرانە لە هاووڵاتییان وەردەگرن و یەكێتی خاوەندارییەتی ئەو كۆمپانیایانە دەكات.

ڕوونی كردەوە كە زیاتر لە حەوت كۆمپانیا لە سنوورەكەدان هەریەكە و لە سێكتەرێكی جیاواز پارە و سەرانە لە هاووڵاتییان وەردەگرن، تەواوی كۆمپانیاكانیش بەرپرسانی سەربازی یەكێتی سەرپەرشتی دەكەن بەبێ‌ ئەوەی ئەو پارەی وەری دەگرن بە پسوولە خەرج بكرێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەیشكرد كە كۆمپانیایەك بە ناوی "تاڤی" تەنیا پارە بۆ ڕێكخستنی سەرەی بارهەڵگرەكان وەردەگرێت، كۆمپانیایەك پسوولە بە ناوی هاوكاریكردنی هێزەكانی دەوورووبەری كەركووك و كۆمپانیای "نینكاس" پارە لە تەنكەرەكانی كفری وەردەگرێت.

غالب محەمەد ئەوەیشی ئاشكرا كرد كە سەرجەم قەپانی بارهەڵگرەكان و كۆمپانیاكانی پاككردنەوە لە سەرجەم مەرزەكان و سەرشەقام لەلایەن یەكێتییەوە بەرێوە دەبردرێن.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر "وشە" هەواڵی ئەوەی بڵاو كردبووەوە لە بازگەی تاسلوجەی سنووری سلێمانی بە بەرچاوی دەزگە تەناهییەكان باج و سەرانە لە هاووڵاتییان و گەشتیاران وەردەگرێت و بەرپرسانی ئیداری و حزبی سنوورەكەیش ئامادە نەبوون هیچ روونكردنەوەیەك لەوبارەیەوە بدەن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم