بڕیارێكی نوێ بۆ شۆفێرانی بارهەڵگر دەرچوو

:: PM:08:14:13/02/2018 ‌

بەهۆی دروست بوونی ئاستەنگی هاتوچۆ لەسەر رێگەی سەرەكی پێنجوێن – شارەدێی گەرمك كە رۆژانە شۆفێرانی هەردوو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و سەیران بەن، بارەكانیان لە وێستگەكانی قەپان دەكێشن، بەبڕیاری قایقامییەتی شارۆكەكە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە دەبێت سەرجەم بارهەڵگرەكانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بۆ قەپانی بارەكانیان، بچنە هەردوو وێستگەی كێشی شارۆكەی سەیدسادق و شارەدێی عەربەت.
 
ئەمڕۆ سێشەم 13ـی شوبات، زانا رەحمان قایمقامی شارۆكەی پێنجوێن بە"وشە"ـی راگەیاند، لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ئەوەی رۆژانە بەشێكی زۆری شۆفێرانی بارهەڵگری هەردوو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و سەیران بەن بۆ كێشانی ئەو بارانەی كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئێراندا هاوردە و هەناردەی دەكەن دەبوو بچوونایەتە وێستگەكانی كێش كە بەشێكیان ئەهلی و بەشێكیان حكوومین، بەڵام لەسەر رێگەی سەرەكی (پێنجوێن ) و شارەدێی گەرمك، قەڕەباڵەغی دروست دەبوو.

قایمقامی پێنجوێن دەڵێت، ئەمە ئاستەنگی زۆری هاتوچۆی بۆ هاووڵاتیان و گەشتیاران و ئۆتۆمبێلەكانی تر دروست كردبوو بۆ چارەسەركردنی بەپەلەی ئەو كێشەیە و لەدوای گفتوگۆكردن لەگەڵ راوێژكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبانی سلێمانی و لێپرسراوی وێستگەی كێشی پێنجوێن، لەئەنجامدا گەیشتینە بڕیارێكی نوێ و لەو چوارچێوەیەشدا لەمەولا بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی پێنجوێن بڕیارماندا سەرجەم بارهەڵگرەكانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بۆ قەپانی بارەكانیان بچنە هەردوو وێستگەی كێشی سەیدسادق و عەربەت، تەنها بارهەڵگرەكانی مەرزی سەیران بەن لەكێشی پێنجوێن، بارەكانیان قەپان بكەن.
 
ئاسۆ كەریم یەكێك لە شۆفێرانی بارهەڵگری سنووری پێنجوێن، كە لەباشماخ كاردەكات، بۆ "وشە" گوتی، ئەو بڕیارە لەم كاتەدا راستە بەوتەی بەرپرسانی ئیداری پێنجوێن بۆ كەمكردنەوەی كێشەكانی بەردەم هاتوچۆیە، بەڵام بۆ ئێمەی شۆفێران زۆر ماندوومان دەكات.

ئەم شوفێرە زیاتر گوتی، من دەپرسم ئەگەر قەپانەكانی ئێستەی پێنجوێن، كە باری شۆفێرانی بارهەڵگری باشماخ و سەیران بەن دەكەن، ئەگەر گرنگ نین، بۆچی داناخرێن، چونكە ناكرێت ئەوانە هەبن و ئێمەش رۆژانە چەندین سەعات بۆ كیشانی بارەكانمان بچینە دەرەوەی سنووری پێنجوێن و كات و پارەیەكی زۆرتی دەوێت و پێویستە چاوێك بەو بڕیارە بخشێندرێتەوە.

شارۆكەی پێنجوێن، نزیكەی 100 كیلۆمەتر لەشاری سلێمانیەوە دوورە و نزیكەی (3500) شۆفێریش رۆژانە، لەمەرزەكانی (باشماخ و سەیران بەن) كاری هاوردە و هەناردەكردنی كەلوپەل، لەنێوان هەرێم و ئێران دەكەن.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - رامیار جەواد