میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو كڕێن و فرۆشتن بە مادەی هۆشبەر دەكەن


خورماتوو كە لە چوارچێوەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی داگیر كرا، تاوانەكانی دزی و كوشتن لەو سنوورە تا دێت زیاتر دەبێت و هاووڵاتییانیش بەردەوام لە مەترسیدان.

ئیسماعیل حەسەن كە ئاوارەیەكی شارۆكەی خورماتووە بە "وشە"ی گوت، موڵك و ماڵی كوردانی خورماتوو لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دزراوە و تاڵانكراوە، بەجۆرێك سەتان ماڵباتی ئاوارە بەهۆی نەبوونی ماڵ و دزینی هەموو پێداویستییەكانیان ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان.
 
هاوكات، عەقید كاوە مەلا پەروێز بەرێوەبەری ئاسایشی شارۆكەی خورماتوو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەڵمەتی دزینی ماڵە كوردەكان لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەردەوامە و ئێستە دزی لە شارۆكەكەدا ڕووی لە زیادبوون كردووە.
 
زیاتر گوتی، میلیشیاكان هەرچی بكەوێتە بەردەستیان دەیبەن بەتایبەت ئەگەر بزانن ماڵی كوردە، سەرباری ئەوەی شارۆكەكە بووەتە شوێنی كڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر لەنێوان چەكدارانی میلیشیاكە.

بەپێی ئاماری بەشی مرۆیی ئیدارەی گەرمیان بەهۆی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو زیاتر لە هەشت هەزار خێزانی سنووری خورماتوو ئاوارە بوون و تا ئێستەیش بەشێكی زۆریان نەگەڕاونەتەوە شوێنەكانی خۆیان.

ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی كە بە ناپاكەكانی ناسراون هێرشیانكردە سەر كەركووك و خورماتوو چەندان ناوچەی تر و داگیریانكرد بەو هۆیەوە بە سەتان خێزانی كورد ئاوارە بوون، سەرباری ئەوەی سەتان پێشێلكاریان بەرانبەر كرا.
 
گەرمیان / سەبری هۆرینی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:08:32:13/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 247 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌