15 كورەی خەڵوز تێكدراون و 10 راوچیش گیراون

:: PM:09:14:13/02/2018 ‌
لەسەرەتای ئەمساڵەوە و تەنیا لە سنووری شارەدێی ناڵپارێزی سەر بەشارۆكەی پێنجوێن، دیاردەی راوكردنی نایاسایی و دروستكردنی كورەی خەڵوز، كە بەپێی رێنوێنی و یاساكانی ژینگە قەدەغەیە، رووی لەهەڵكشان كردووە، بەو هۆیەشەوە لەماوەی ئەمساڵدا تا ئێستە بەدەیان هاووڵاتیی گیراون و كورەكانیش تێكدراون.

هێمن كەمەرخان، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بۆ "وشە" گوتی" لەسەرەتای ئەمساڵەوە، بەشێوەیەكی بەرچاو لە سنووری شارەدێی ناڵپارێز دیاردەی راوكردنی نایاسایی و دروستكردنی كورەی خەڵوز، كە بەپێی رێنوێنی  و یاساكانی ژینگە قەدەغەیە، زۆر زیادی كردووە و بەو هۆیەشەوە، لەماوەی سەرەتای ئەمساڵەوە، تا ئێستە بەدەیان هاووڵاتیی  گیراون.

زیاتر گوتی، تەنیا لەسەرەتای مانگی كانوونی دووەم تا ئەمڕۆ زیاتر لە 10 راوچی لەو سنوورە گیراون. ئاماژەی بەوەیشكرد، ئێستە دروستكردنی كورەی خەڵوزی بەردین نایاساییە و زیانی زۆری بۆ ژینگە هەیە، بۆیە هەر ئەمساڵ توانراوە15 كورە تێك بدرێت و سەرجەم خاوەنەكانیشیان، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بكرێنەوە.

بەپێی ئامارێكی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن، كە وێنەیەكی دراوەتە "وشە" لەساڵی رابردوودا و لەسنووری بەڕێوەبەرێتی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن 55 هاووڵاتیی لەسەر سەرپێچی جۆراوجۆری وەك " راوی ئاژەڵ و باڵندەی كێوی و ئاگركەوتنەوە و داربڕین و خەڵوزكردن و زیادەڕۆیی" گیراون.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی





وشە - سه‌رخێڵ هاشم