نەجەف.. دادگەیەك كوژرانی ئیمامێكی شیعە بەر لە 1300 ساڵ تاوتوێ دەكات

:: AM:12:04:14/02/2018 ‌

سەندیكای پارێزەرانی نەجەف پرۆسەیەكی دادگەییكردنی رەمزی و مێژوویی بۆ سەتەملێكراوی شەهیدكردنی ئیمام زەید كوڕی عەلی، یەكێك لە ئیمامەكانی شیعە، ساز دەكات و رۆژنامەوانێكیش كە راپۆرتێكی لەو بارەوە كردووە، دەكرێتە شاهێد.

لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا دەردەكەوێت كە سەندیكای پارێزەرانی نەجەف لە هۆڵێكدا ئەو پرسە تاوتوێ دەكەن و حەیدەر حوسێن عەلی جەنابی كە رۆژنامەوانە وەك شاهێد لەبەردەم دادگەكە ئامادە دەبێت بەو پێیەی زانیاری لەو بارەوە ئاشكرا كردووە.

ئەو رۆژنامەوانە دەڵێت، لەبارەی ئەو تاوانەی لە دژی ئیمام زەید كوڕی عەلی كراوە، تاوانێكی ئاسایی نەبووە، بەڵكو یەكێك بووە بە گەورەترین و قێزەونترین تاوانەكان لەدژی مرۆڤایەتیدا، لەو لێكۆڵینەوە رۆژنامەوانییەی ئامادەم كردووە بۆم دەركەوتووە كە ئەو تاوانە لەوانەی پێشتر و ئەوانەیشی دوای ئەوە روویانداوە جیاوازە و تاوانێكە مێژوو شتی وای بەخۆیەوە نەبینیوە و ماوەی زیاتر لە چوار ساڵ بەردەوام بوو.

ئەو دەڵێ كە تاوانەكە بە كوشتنی مرۆڤێكەوە دەستی پێ كرد و دواتر دەرهێنانی دڵی و دەرهێنانەوەی تەرمەكەی شێواندنی، ئەوان سەریان بڕی و لە بازاڕ و شارەكان گێڕایان و جەستەكەیان بردە ناوچەی كەناسە لە كوفە و لە خاچیان دا، بێجگە لەو رەفتارە ناشیرین و قێزەوەنانەی لەگەڵیان ئەنجام دا.

 زەید كوڕی ئیمام عەلی كوڕی ئیمام حوسێنە، دوای 14 ساڵ لە كوژرانی ئیمام حوسێن لە ساڵی 76ی كۆچی بەرانبەر بە 695ی زاین لە مەدینە لەدایك بووە، ئەو بەدوای تۆڵەكردنەوە لە بكوژانی ئیمام حوسێن كەوت و لەو ناوەدا تیرێك بە نێوچەوانی دەكەوێت، بەڵام دوای شاردنەوەی لەلایەن ئەمەوییەكانەوە لە گۆڕ دەردەهێنرێت و سەری جیا دەكەنەوە و لەسەر دەروازی دیمەشق هەڵی دەواسن و بە مەدینە و میسر دەیگێڕن و بەو شێوەیە بۆ ماوەی چوار ساڵ بە خاچكراوی و هەڵواسراوی دەمێنێتەوە و دواتر تەرمەكەی دەسووتێنن و خۆڵەمێشەكەیشی دەكەنە ناو رووباری فوراتەوە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل