دی ماریا لاری نییە گرێبەست لەگەڵ بەرشەلۆنە بكات

:: AM:09:39:14/02/2018 ‌

ئەنخێل دی ماریای ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی ئاشكرای كرد، لاری نییە لە پەیوەندیكردن بە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئەگەر داوای بكەن.

دی ماریا ئەمڕۆ چوارشەم لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دووبارە دەگەڕێتەوە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ و لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان رووبەڕووی یانەی ریال مەدریدی پێشووی دەبێتەوە.

دی ماریا لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ رۆژنامەی (ئاس) رایگەیاند: هیچ پەیوەندییەكم لەگەڵ یانەی ریال مەدرید نەماوە دوای ئەوەی یانەكەم جێهێشت، بۆیە هیچ لارییەكم نییە پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەشەوە بكەم.

زیاتر گوتی: ئامانجی سەرەكی ئەمساڵمان لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان بردنەوەی جامی خولی پاڵەوانانی ئەوروپایە، بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش دەبێت رووبەڕووی یانەی بەهێزی وەك ریال مەدرید ببینەوە، بەدڵنیایشەوە ئێمە تاكە یانە نین كە دەمانەوێ جامەكە ببەینەوە.

دی ماریا هەروەها گوتی: لە ماوەی ژیانی وەرزشیدا لەگەڵ سێ لە باشترین یاریزانانی جیهان یاریم كردووە كە ئەوانیش برێتین لە رۆناڵدۆ و میسی و نیمار، بۆیە دەتوانم بڵێم من یاریزانێكی بە بەختم.

لەبارەی شێوازی جێهێشتنی یانەی ریال مەدریدیش لە كاتی خۆیدا، دی ماریا گوتی: چەند سەعاتێك بەر لە یاریی كۆتای جامی جیهانی 2014 نامەیەكم لە دەستەی كارگێڕی یانەی ریال مەدریدەوە پێ گەیشت، نامەكەم زۆر بەباشی خوێندەوە و ئەو كات زۆر دڵتەنگ بوو، بەڵام ئێستا كاتی بیرهێنانەوەی نییە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م