ئارسناڵ دووركەوتنەوەی لاكازێتی راگەیاند

:: AM:09:49:14/02/2018 ‌

یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی ئاشكرای كرد، هێرشبەرە فڕەنسییەكەیان ئەلیكساندەر لاكازێت تووشی پێكان بووە و بەهۆیەوە ماوەی 6 هەفتە لە یاریكردن دوور دەكەوێتەوە.

پێكانەكەی لاكازێت لە چۆكییەتی و بەهۆیەوە لە یاریی رابردووی یانەكەدا بەرامبەر یانەی تۆتنهام لە خولی نایابی ئینگلیزی یاری نەكرد كە یانەكەی بە گۆڵێكی بێ وەڵام یارییەكەی دۆڕاند.

لاكازێت لە یاریی سبەی پێنجشەم لە یاریی چوونی گەڕی 32ی خولی ئەوروپا بەرامبەر پاڵەوانی سوێد یانەی ئۆستراسۆند یاری ناكات، چاوەڕوانیش دەكرێ نەشتەرگەری بۆ بكرێ و ماوەی مانگ و نیوێك لە یاریكردن دوور بكەوێتەوە.

بەمەش یانەی ئارسناڵ بۆ ئەم یارییە و یارییەكانی تری خولی نایابی ئینگلیزی لە شوێنی لاكازێت پشت بە هێرشبەری نوێی یانەكەیان پییر ئێمریك ئۆبامیانگ دەبەستێ.

جێی باسە لاكازێت لە سەرەتای ئەم ئەم وەرزەدا بە گرێبەستێك كە بەهاكەی 50 ملیۆن یۆرۆ بوو لە یانەی لیۆنی فڕەنسی پەیوەندی بە یانەی ئاسناڵەوە كردبوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م