رێکخراوە
هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا لە راپۆرتی ساڵانەیاندا بە وردی باسیان لە هەڕەشەکانی
دنیا کردووە و لە بەشێکی راپۆرتەکەشدا باس لە هەوڵەکانی ئێران بۆ سەپاندنی
هەژموونی خۆی لە ناوچەکە دەکات و دەڵێت هێشتا ئێران پاڵپشتیکاری سەرەکی تیرۆرە لە
دنیادا.
کۆمەڵێک
بەڕێوەبەر و سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا لەوانەش سەرۆکی دەزگای هەواڵگریCIA و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری
نیشتمانیی لە گەڵ کۆمسیۆنێکی تایبەتیی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا کۆبوونەوە.
لە
راپۆرتەکەدا هاتووە، ئێران بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت هەژموونی خۆی لە عێراق و سووریا و
یەمەن پەرە پێ بدات. هۆکارەکەش ئەوەیە هەموو ئەو کێشە و ناکۆکییانەی لە نێوخۆی ئەو
وڵاتانە روو دەدەن، ئێران بە سوود و بەرژەوەندی و دەرفەت بۆ خۆی هەژماریان دەکات.
ئەو وڵاتە دەیەوێت جەنگی دژی داعش بکاتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ نزیکبوونەوە لەو وڵاتانە
و دواجار ریککەوتنی سیاسی، سەربازی، ئابووری و تەناهیان لەگەڵدا واژوو بکات.
هەروەها
ئاماژە بەو کێشە و ناکۆکییانەش کراوە کە لە کەنداو لە نێوان کەشتییەکانی ئەمەریکا
و ئێران هاتوونەتە کایەوە. هەندێک جار ئێران بە کەشتی بچووک لە کەشتییە گەورەکانی
ئەمەریکا نزیک کەوتووەتەوە و ویستوویەتی سەرئێشەیان بۆ دروست بکات یان هانیان بدات بەڕوویاندا تەقە بکەن.
راپۆرتەکە ئەم کارەی ئێرانی بە هەڕەشە بۆ سەر هیزی دەریایی ئەمەریکا هەژمار
کردووە.
بەو
پێیە ئێران بە گەورەترین حکوومەت هەژمار دەکرێت کە بەرنامەبۆداڕێژراو یارمەتی
تیرۆر دەدات، چەک و پێداویستی و پارە و تاکتیک و راوێژکاری سەربازی دەخاتە خزمەتی
تیرۆریستانەوە و تەنانەت تۆڕێکی تیرۆریستی پێکهێناوە کە رەنگە لە هەموو ولاتانی
دنیا هەوڵی تەقینەوە و هێرشی تیرۆرسیتی بدات.
لە ناوخۆی ئێران سیاسەتمەدارە توندئاژوو و
میانڕۆکان بۆ داهاتووی وڵات لە ململانێ دان و ئەو رەکابەرییەش ئەمە روون دەکاتەوە
کە ئایا هەڵویستی ئێران بەرانبەر بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا گۆڕانکاری بەسەر
دێت، یان هەر وەک رابردوو دەمێننەوە.
بە
گوێرەی "رادیۆ فەردا" میانڕۆکان بە سەرۆکایەتی حەسەن رووحانی پشتیوانی
لە پڕۆژە کۆمەڵایەتییەکان، کەرتی تایبەت و نزیکبوونەوە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی
دەکەن و لە بەرانبەریشدا توندئاژووکان پێیان وایە ئەو هەنگاوانەی حکوومەتی حەسەن
رووحانی دەیانهاوێژێت ئەوا لە راستای بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و رۆژئاوادان و
ئامانجەکانی شۆڕشی ئێران دەخەنە ژێر پرسیارەوە.
سەرەڕای
ئەوەی کە خامەنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە توندئاژووکانی ئێران زۆر نزیکە
بەڵام بەگوێرەی راپۆرتەکە پشتیوانی لە هەندێک هەنگاوی حەسەن رووحانی بۆ پەرەپێدانی
پێوەندییەکانی لەگەڵ رۆژئاوا دەکات.
لە
سەرەتای ئەمساڵ بۆ ماوەی ١٢ رۆژ نارەزایەتی و خۆپێشاندان سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە
و مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران دروست کرد. ئەم
خۆپێشاندانانە هۆکار بوون لەوەی حکوومەتی ئێران سوورتر بێت لەسەر چاکسازی و
هەڵهێنانی هەنگاوی رژد بۆ گۆڕانکاری لەسەرجەم کایەکان و ببێتە باسی گەرمی ناوخۆی
ئێران. حکوومەتی حەسەن رووحانیش ئەو نارەزایەتییانە خەریکە لە قازانجی پێگەی سیاسی
خۆی دەقۆزێتەوە.
لە
ئاکامی خۆپێشاندانەکانی ئێران لانی کەم ٢٥ کەس کوژران و بەسەدان کەس بریندار بوون
و بە هەزاران کەسیش خرانە گرتووخانەکانەوە کە هیشتا بەشێکی بەرچاویان ئازاد
نەکراون.
لە
راپۆرتەکە باس لە دۆخی تەندروستی عەلی خامەنەیی رێبەری ئێران کراوە و سەرەڕای
ئەوەی کە خامەنەیی کێشەی تەندروستی هەیە و نەخۆشە، کەچی هێشتا دەیەوێت کورسییەکەی
خۆی بپارێزێت و نایەوێت ئێران لە رووی ئابووری و سیاسییەوە بەڕووی وڵاتانی دنیادا
بکرێتەوە و هیچ جۆرە گۆڕانکارییەک لە کۆمەڵگەی ئێران بێتە کایەوە.
حەسەن
رووحانی ویستوویەتی لەگەڵ خۆشکردنی پێوەندییەکانی لەگەڵ عەلی خامەنەیی، لە هەمان
کاتدا پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیشی بەهیز بکات و ئەمەش لە داهاتوودا
دەبێتە مەترسییەک بۆ سەر ئەو پڕۆژانەی بۆ چاکسازی هەڵێنراون.
لەبارەی
ئەو رێککەوتنەش کە ئێران لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەک بۆ پرسی ناوکی کردی، لە راپۆرتەکەدا
هاتووە ئێران خوازیاری پاراستنی ئەم رێککەوتنە و جێبەجێکردنییەتی و نایەوێت گەمارۆ
و سزاکان بۆ سەر وڵاتەکەی زیاتر ببن.
دەزگا
هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا دان بەوەدا دەنێن کە رێککەوتنی ناوکی بووەتە هۆکارێک بۆ
ئەوەی چالاکییە ناوکییەکانی ئێران زیاتر ئاشکرا ببن و لە چوارچێوەی ئەو پرۆتۆکۆڵە
نێودەوڵەتییانە چاودێری بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێرانیش زیاتر ببن.
ئێران
لە ناوچەکە هەڕەشە لە ئەمەریکا دەکات و بە پەرەپێدانی خۆی لە بواری تەکنەلۆجیای
سەربازی سەرئێشە بۆ هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە دروست دەکات.
هەر بە
پێی راپۆرتەکە ئێران بووەتە گەورەترین ناوەندی مووشەکە بالیستیکییەکان لە ناوچەکە
و لەم رێگایەوە باڵی بەسەر رۆژهەڵاتی نێوەراستدا کیشاوە.