بەیانی ئەمڕۆ سێشەم بوومەلەرزەیەكی بەهێز باكوری وڵاتی ژاپۆنی هەژاند و هەمان ئەو شوێنەی گرتووەتەوە كە ساڵی 2011 بوومەلەرزە و لافاوی وێرانكەری تسۆنامی تێیدا ڕوویدا.
دەستەی چاودێری كەشناسی ژاپۆن ئاشكرای كرد، بوومەلەرزەكە هێندە بەهێز بووە كە دانیشتووانی شاری تۆكیۆی پایتەختیش هەستیان پێ كردووە، گوڕەكەی 7.4 پلە بە پێوەری رێختەر بووە.
ئاماژەی داوە، كە قوڵایی بوومەلەرزەكە 10 كیلۆمەتر بووە و كەناراوەكانی ناوچەی فۆكۆشیمای گرتووەتەوە.
دەستەی ئێزگە و تەلەڤزیۆنەكانی ژاپۆن ئاشكرای كرد، كە شەپۆڵەكانی دەریا بە بەرزی مەترێك و 40 سانتیمەتر زیاتر بەرزبوونەتەوە لە نزیك ناوچەی سیندای 70 كیلۆمەتر لە دووری باكوری فۆكۆشیما و بوومەلەرزەكەش سەعات 5:59 خولەكی بەیانی ئەمڕۆ رٍوویدا.
گوتەبێژ بەناوی وێستگەی كارەبای تۆكیۆ كە "تیبكۆ" ناسراوە گوتی، سیستەمی ساردكردنەوەی یەكەی كۆگاركردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەی ئەتۆمی فۆكۆشیما لە كاركردن وەستێنراوە بۆ ماوەیەك كارەكان ڕاگیراون.
گوتەبێژ بەناوی كۆمپانیای كاركردن لە وێستگە ئەتۆمییەكەش ئاشكرای كرد، كە هیچ زیانێك بەهۆی بوومەلەرزەكەوە بەر وێستگەكە نەكەوتووە و هەرچەندە لە ناوچەكە بوومەلەرزەكە زۆر بەهێز بووە.
ساڵی 2011 بوومەلەرزەیەكی بەهێز كە بە "تسۆنامی"ناسراوە ناوچەكانی باكوری ژاپۆنی هەژاندووە و بووە هۆی گیان لە دەستدان و شوێن بزربوونی هەزار كەس، زیانێكی زۆریشی بەر ژێر خانی ئابووری و ئاوەدانی ناوچەی فۆكۆشیما گەیاند.
سەرچاوە/ سكای نیوز.