تاقیكردنەوەكانی پەروەردە پێش دەخرێت


بەهۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە 12ـی ئایار وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە كاتی تاقیكردنەوەكانی هەرێمی كوردستان پێش بخات.

بە گوێرەی نووسراوێكی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ئاراستەی پەروەردەی شارەكان كراوە و لەوێشەوە بۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەكان نێردراوە تیایدا هاتووە تاقیكردنەوەی كۆتایی وەرزی دووەم پێش دەخرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ـی شوبات، ئەحمەد فەتاح بەڕێوەبەری قوتابخانەی سانا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شارەكەمان نووسراوێكی وەزارەتی پەروەردەمان بۆ هاتووە كە تاقیكردنەوەی وەزری دووەم پێش خراوە.

بەڕێوەبەری قوتابخانەی سانا دەڵێت، تاقیكردنەوەكان بەهۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێش خراوە بۆ 28ـی نیسان و لە هەشتی ئایار كۆتایی دێت بەمەرجی تەواكردنی زانستی بۆ خوێندن.

ئەو بەڕێوەبەرە ئاشكرای كرد ڕۆژێكی پشوو لەو كاتە هەیە كە بریتییە لە ڕۆژی یەكی ئایار كە جەژنی كرێكارانە ئەو ڕۆژەش لە تاقیكردنەوەكان پشووی بۆ دانراوە بەو هۆیەشەوە سستەمی خوێندی ساڵ و پڕۆگرام هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا ناكرێت.

شێوازی خوێندنی پۆلە ناكۆتاكان لە هەرێمی كوردستان بە جۆرێك ڕێكخراون كە ساڵانە دوو تاقیكردنەوە دەكەن لەگەڵ تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵ.



وشە - رامیار جەواد


PM:04:13:14/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 3877 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌