كەشناسی: مەترسی وشكە ساڵی لە هەرێمی كوردستان نەماوە

:: PM:06:22:14/02/2018 ‌

بەرپرسێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات بارانێكی باش باریوە و لە هەندێك شوێنی هەرێمی كوردستان باران لە ساڵی ڕابردوو زیاتر بووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ـی شوبات، ئەژی چەتۆ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بارانێكی باش لە چەند ڕۆژی ڕابردوو باریوە لە هەرێمی كوردستان لە هەندێك  شوێن لە ساڵی ڕابردوو زیاتر باریوە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی كەشناسی هەرێمی كوردستان دەڵێت، شتێك بەناوی وشكە ساڵی نییە پێویست ناكات هاووڵاتییان نیگەران بن، بۆیە بڕیاردان لەسەر وشكە ساڵی پێویستی بە لیژنەیەكی زانستی هەیە پێویستی بە بودجە هەیە و  ئێستە بارانێكی باش باریووە لە هەرێمی كوردستان.

ئەو بەرپرسەی كەشناسی ئاشكرای كرد، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شەپۆڵێكی باران بارین ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات و پێشبینی بارانێكی باش دەكرێت، لە هەندێك ناوچەی هەرێمی كوردستان بەفر دەبارێت و لە هەندێك ناوچەیش نزیكەی 100 ملیم باران دەبارێت.

هەرێمی كوردستان كاریگەرە بە كەشوهەوای دەریای ناوەڕاست و دەریای سووری و كەنداوی عەرەب، بەشی زۆری بارانەكەی لە كەشوهەوای دەریای ناوەڕاست سەرچاوە دەگرێت كە هەمیشە بڕێكی زۆر لە شێ و بایەكی ساردی لەگەڵە.
رامیار 



وشە - رامیار جەواد