كۆنگرەی كوێت چەندی بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق دابین كرد؟


لە میانەی سێ رۆژی كۆنگرەی ئاوەدانكردنەوەی عێراق كە لە كوێت ساز كرا و ژمارەیەك گەورە بەرپرس و وەزیر و كارساز و كومپانیا و رێكخراوەكانی دنیا ئامادەی بوون، عێراق بەڵێنی پێدانی 12.5 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی پێ درا.

لە 12ی ئەم مانگەوە تا ئەمڕۆ چوارشەم كۆنگرەی ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە كوێت بە بەشداری وڵاتانی كۆمەكبەخش و ئامادەبوونی گەورە بەرپرسانی عێراق و ئەمەریكا و فڕەنسا و سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و بانكی نێودەوڵەتی و نوێنەرانی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەكە و دنیا و بەڕێوە چوو و تیایدا بەوردی باسی دۆخی عێراق و جەنگی لەدژی داعش و ئەو وێرانكارییەی ئەو وڵاتە بەسەریدا هاتووە و پلانەكانی تا ئێستە گرتوونیەتیە بەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو وێرانكارییە و هەموو كاریگەرییەكانی تری جەنگی داعش.

ئەو بەڵێنانەی عێراق لەو كۆنگرە بەدەستی هێنان لەسەر زاری گەورە بەرپرسانی كوێت و قەتەڕ و سعوودیە و توركیا و ئەوروپا و وڵاتانی تر بوون، ئەوان رایان گەیاند كە ئامادەن بۆ دابینكردنی مسۆگەری بانكی و قەرز و وەبەرهێنانی راستەوخۆ بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق. 

دوێنێ سەباح ئەحمەد ئەلسەباح، ئەمیری كوێت رای گەیاند كە وڵاتەكەی بڕی دوو ملیار دۆلار بە شێوەی قەرز و وەبەرهێنان دەداتە عێراق كە هەڵدەستێت بە وەبەرهێنانكردن لە پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە بە بڕی ملیارێك دۆلار و ملیارەكەی تریش بە شێوەی قەرز بە عێراق دەدات.

شێخ محەمەد ئالسانی، وەزیری دەرەوەی قەتەڕ پابەندی وڵاتەكەی بە پاڵپشتیكردنی عێراق و ئاوەدانكردنەوەی بە پێدانی قەرز و وەبەرهێنان بە بڕی ملیارێك دۆلار دووپات كردەوە، بەتایبەتی گرنگی بە پڕۆژەكانی ژێرخان دەدات. 

لای خۆیەوە عادل جوبێر، وەزیری دەرەوەی سعوودیە رای گەیاند كە وڵاتەكەی بڕی 1.5 ملیار دۆلار بۆ پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەی عێراق و پاڵپشتیكردنی كاڵا هەناردەكراوەكان بۆی تەرخان دەكات، لەو كاتەی ئیمارات بەڵێنی پاڵپشتیكردنی عێراقی بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار دا. 

ئەحمەد محەمەد عەلی مەدەنی، سەرۆكی بانكی ئیسلامی بۆ پەرەپێدان رای گەیاند كە بانكەكە كە گەورەترین رێكخراوی پەرەپێدانە لە دنیای ئیسلامیدا ئامادەیە بۆ پاڵپشتیكردنی ئاوەدانكردنەوەی عێراق بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار، هاوكات مەولوود ئاوەیشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەی كرد كە وڵاتەكەی بە بەهای 5 ملیار دۆلار هێڵی مسۆگەری هەناردن بۆ عێراق دابین دەكات، ئەڵمانیایش دووپاتی كردەوە كە بە بڕی 350 ملیۆن یۆرۆ (432 ملیۆن دۆلار) لە 2018 یارمەتی پێشكەشی عێراق دەكات. 

بەریتانیا لەو كۆنگرەدا بەڵێنی ئەوەی دا كە ساڵانە بە بەهای ملیارێك دۆلار بە شێوەی مسۆگەری بۆ هەناردەكردن بۆ ماوەی 10 ساڵ پێشكەشی عێراق دەكات و ژاپۆنیش رای گەیاند كە بە 100 ملیۆن دۆلار بۆ ئەمساڵ لە رێگەی ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و نێودەوڵەتی بە عێراق دەبەخشێت. 

هەرچی یەكێتی ئەوروپایە بەڵێنی دا بە وەبەرهێنانكردن بە بەهای 400 ملیۆن یۆرۆ (493 ملیۆن دۆلار) لە عێراق كە بە شێوەی یارمەتی مرۆیی و بۆ جێگیركردنی سەقامگیری لە عێراق خەرجی بكات.

جۆرجیۆ مارابودی، بەڕێوەبەری گشتیی هاریكاری پەرەپێدان لە ئیتاڵیا رای گەیاند كە وڵاتەكەی قەرزی ئاسانكراو بە بەهای 260 ملیۆن یۆرۆ (321) ملیۆن دۆلار دەداتە عێراق، لە پاڵ دانی بڕی 6.5 ملیۆن دۆلاری تر و یارمەتی مرۆیی بە بەهای پێنج ملیۆن دۆلار. لەو كاتەی سندووقی عەرەبی بۆ گەشەسەندن پێدانی قەرزی بە عێراق بە بەهای 1.5 ملیار دۆلار دا.

لەو كاتەی ئوسترالیا بڕی 100 ملیۆن دۆلاری وەك یارمەتی راستەوخۆ و فنلەندا بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی مرۆیی و بەڵێنیشی دا بە مەشقكردن بە هێزە چەكدارەكانی عێراق، كۆریا 10 ملیۆن دۆلاری بۆ ئاوەدانكردنەوە بەخشی بە عێراق و 11 ملیۆن دۆلاریش بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی وەبەرهێنان، هەرچی مالیزیایە بڕی 100 هەزار دۆلاری بەخشییە عێراق بۆ ئاوەدانكردنەوە. 

چاودێران پێیان وایە كە كۆنگرەی كوێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق ئامانجەكانی خۆی نەپێكاوە و بەوەیش گورزێكی گەورە بە حكوومەتی ئێستەی عێراق و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران كەوت كە نەیتوانی پارەیەكی ئەوتۆ كۆ بكاتەوە و گەورەیی وێرانكاری بەهۆی جەنگی چەند ساڵەی رابردووی داعش پڕ بكاتەوە.

كێشەكە ئەوەیە كە ئەركی ئاوەدانكردنەوەی عێراق درا بە كۆمپانیا تایبەتەكانی دنیا، كە ئەوەیش فەشەلە بۆ عەبادی بۆ جێگیركردنی سەقامگیری لە عێراق بەتایبەتی كە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان نزیك بووەتەوە لە بەرانبەر بارستە شیعەكانی سەر بە ئێران، بۆیە دیپلۆماتكارانی رۆژئاوا وریایی دەدەن بەوەی دۆڕاندنی عەبادی لە هەڵبژاردنی داهاتوو رەنگە جارێكر تر عێراق بباتەوە ناو ململانێیەكی گەورەی تایفی.


سەرچاوە عەرەبی ئەلجەدید





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:06:27:14/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 130 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌