هەفتەی داهاتوو شەقامی 120 مەتری هەولێر دەكرێتەوە

:: PM:06:45:14/02/2018 ‌

بەرپرسی جێبەجێكاری شەقامی 120 مەتری شاری هەولێر ئاشكرای دەكات هەفتەی داهاتوو بەشێكی تری شەقامەكە دەكرێتەوە و ئەوەیش كار ئاسانییەكی زۆر بۆ هاووڵاتییان دەكات و قەرباڵغی كەم دەكاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ـی شوبات، سەرتیپ سابیر بەرپرسی جێبەجێكاری شەقامی 120 مەتری هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هەفتەی داهاتوو بەشێكی تر لە شەقامی120 مەتری هەولێر دەكرێتەوە ئەمەیش كار ئاسانی زۆر بۆ شوفێران دەكات.

سەرپەرشتیاری شەقامی 120 مەتری هەولێر دەڵێت، ڕۆژی كردنەوەكەی دیاری نەكراوە، بەڵام لە هەفتەی داهاتوو دەبێت. سەرتیپ گوتی، بۆ مەراسیمی كردنەوەی شەقامەكە چاوەڕوان دەكەن ئەو ڕۆژە كەشوهەوا خۆش بێت.

زیاتر گوتی، ئەو بەشەی دەكرێتەوە ڕێگە سەرەكی پیرمام و شەقامی كۆیە بەیەكتر دەبەستێتەوە كاریگەرییەكی تەواوی لەسەر قەرەباڵغی ئەو شەقامە دەبێت.

شەقامی بازنەی 120 مەتری بە گەورەترین پڕۆژەی ڕێگەوبان لە كوردستان دادەنرێت و پڕۆژەكە بڕیارە بە سێ قۆناغ تەواو بكرێت و ئەو بەشەیشی بڕیارە بكرێتەوە 147 ملیۆن دۆلاری تێچووە.

پڕۆژەی شەقامی 120 مەتری شاری هەولێر لە ماوەی ڕابردوو هەلی كاری بۆ 580 تا 630 كەس رەخساندووە بە گوتەی سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكە 100% كرێكاران خۆماڵین.



وشە - رامیار جەواد