ئەمەریكا دووپات لەسەر هاوكارییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان دەكاتەوە

:: PM:07:33:14/02/2018 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپات لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەپێی دەستوور دەكاتەوە، ئەمەریكاش ڕای گەیاند، بەردەوام دەبن لە هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم 14ی شوبات، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ژەنەراڵ جین جۆزێف ڤۆتێل فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمەریكی كۆبووەتەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی سەربازی و تەناهی عێراق و هەرێمی كوردستان و قۆناغی دوای لەناوبردنی داعش خرایە بەر باس، هەروەها دوا پێشهاتەكانی گفتوگۆی لیژنە تەكنیكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و دیدارەكانی هەردوو سەرۆك وەزیران تاوتوێ كرا و هیوایان خواست هەردوولا بگەنە چارەسەرێك بۆ تەواوی كێشەكان بەپێی دەستووری عێراق.

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی پشتگیری و هاوكارییە سەربازییە بەردەوامەكانی ئەمەریكای بۆ پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعشدا و دابینكردنی چەك و تەقەمەنی و مەشق و ڕاهێنانی بۆ پێشمەرگە كرد و هیوای بەردەوامیی هاوكارییەكانی خواست، ئامادەییی هەرێمی كوردستانیشی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراقی لەسەر بنەمای دەستوور، دووپات كردەوە.

لای خۆیەوە، ژەنەراڵ ڤۆتێل سوپاسی ئەو هاوكاری و هەماهەنگییەی كرد كە لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سەرباز و مەشقكارانی ئەمەریكادا هەیە، بەردەوامیی هاوكارییە سەربازییەكانی وڵاتەكەیشی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات كردەوە. بەڕێزیان پشتگیری و خۆشحاڵیی خۆی بە دیالۆگی هەولێر و بەغدا دەربڕی.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم