رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرای کرد نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە سووریا لە ژێر گەمارۆی حکوومەتی سووریا یان چەکدارانی داعشدان.
بەرپرسێکی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان روونی کردەوە ژمارەی ئەو کەسانەی لە سووریا لە ژێر گەمارۆدان بەراورد بە ساڵی رابردوو دوو هێندە زیادی کردووە.
بەگوێرەی رۆیتەرز ستیفان ئوبرین جێگری سەرۆکی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ و گەیاندنی یارمەتی مرۆیی ئەوەی خستووەتەڕوو کە ٨٥٠ هەزار هاووڵاتی سووریا لە ژێر گەمارۆی حکوومەتی بەشار ئەسەد و ئەوانەی تر لە ژێر گەمارۆی چەکدارانی داعشدان.
جێگری سکرتێری گشتی رێکخراوەکە باسی لەوەش کرد کاتێک هاووڵاتیان دەکەونە ژێر گەمارۆوە هەموو پێوەندییەکانیان لەگەڵ دنیای دەرەەوە دەپچڕێت و ناچارن برسییەتی بچێژن، بۆمباران دەکرێن و خزمەتگوزاری پزیشکیشیان پێناگات تا ئەو کاتەی خۆیان رادەست دەکەن یان ناوچەکانیان جێدەهێڵن.
ئەو رووی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوەکە کرد و گوتی بە بێ پشتیوانی تاکە تاکی ئێوە هێڵە سوورەکان ناپارێزرێن، تاوانی جەنگ روودەدات و ئەگەر هەڵوێست وەرنەگرن کەس نییە وەڵامێکی ئەو دۆخە بداتەوە.
پێویستە بگوترێت ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هیشتا نەیتوانیوە سەبارەت بە پلانێکی ئاشتی لە سووریا بە رێککەوتن بگات. رووسیا بە پشتیوانی چین رێگری لە هەر جۆرە هەنگاوێکی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دژی بەشار ئەسەد دەکات.
هاوکات سامانتا پاوەر نوێنەری ئەمریکا لە رێکخراوتی نەتەوەیەکگرتووەکان ناوی ١٣ کەسایەتی سەربازی سوووریای ئاشکرا کرد کە دەستیان هەبووە لە کوشتنی خەڵکی سڤیل لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا. ئەو هەڕەشەی کرد کە ئەمرتکا رێگە نادات لە پشت بەشار ئەسەد ئەوانە خۆیان حەشار بدەن و ئەو جۆرە تاوانانە ئەنجام بدەن.
لە لایەکی ترەوە ڤلادمیر سافرونتک نوێنەری رووسیا لە رێکخراوەکە رەخنەی لە نوێنەری ئەمریکا گرت و قسەکانی ئەوی بە بێ بنەما هەژمار کرد.
سەرچاوە/رادیوفردا