مەترسی هەژمار نەكردنی ساڵی خوێند دەكرێت

:: PM:08:43:14/02/2018 ‌

پرۆسەی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەهۆی بایكۆتی مامۆستایانەوە بە ڕێژەیەكی زۆر ڕاگیراوە و ئەوەش لە داهاتوودا كاریگەری لەسەر كەرتی پەروەردە دروست دەكات لە سنوورەكە و ئێستە مامۆستایان ئامادەنین بچنەوە هۆڵەكانی وانە وتنەوە و مەرجیان پێدانی مووچەی تەواوە بەبێ پاشەكەوت و ماوەی دوو مانگیشە بەغداد مامۆستایانی خستوەتە چاوەڕوانی لە پێدانی مووچەكانیان و تا ئێستەش دیار نییە كەی مووچەی بەغداد دەدرێت.

پێش دەست پێكردنی تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەم، مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ ماوەی یەك مانگ بایكۆتی دەوامیان كرد و دواتر بۆ تاقیكردنەوەكان دەوامیان كرد بۆ ماوەی دوو هەفتە و لە دوای تاقیكردنەوەكانیش لە مانگی كانوونی دووەم، تا ئێستە مامۆستایانی سلێمانی بایكۆتی دەوامیان كردووە.


ئەمڕۆ چوارشەم 14ـی شوبات، نازدار ئەحمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی بۆ "وشە" گوتی، ناتوانین لە ئێستەدا هیچ قسەو بڕیارێك لە بارەی دەوامی مامۆستایان بدەین ئەگەر هاتوو دەستیان كردەوە بە دەوام كردن یان نا.

بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەلات دەڵێت، بۆیە تا مامۆستایان دەست بە دەوام نەكەنەوە ناتوانین هیچ قسەیەك لەسەر ئەوە بكەین، لەگەڵ ئەوەش ئێستە لە سنوورەكە قوتابخانە هەیە دەوامی ئاسایی خۆی دەكات و هیچ كێشەی نییە.


محەمەد كەریم خوێندكارێكی یەكێك لە قوتابخانەكانی سلێمانییە ئەو بۆ "وشە" دەڵێت، مامۆستا مافی خۆیانە كە مووچەی تەواو وەربگرن، بەڵام لە ئێستەدا كە سەرجەم فەرمانبەران وەك مامۆستایان مووچەیان دوادەكەوێت و نیو مووچە وەردەگرن با مامۆستایانیش وەك فەرمانبەران هەر نا لە هەفتەیەدا 3 ڕۆژ دەوام بكەن.

ئەو قوتابیە ئەوەش دەڵێت، بایكۆتی مامۆستایان لە داهاتوودا تەنها خوێندكاران لێی زەرەرمەند دەبن لە دواكەوتنی وەرزی نوێی خوێندن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر ئەمساڵ مامۆستایان دەوام نەكەن، ساڵی نوێی خوێندن هەژمار ناكرێت و ساڵێك لە خوێندن دوادەكەوین.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - رامیار جەواد