ئێران تانكێكی بەهێزتر لە ئەبرامزی ئەمەریكی بەرهەم دێنێت

:: PM:10:46:14/02/2018 ‌

فەرماندەی هێزەكانی زەوینی سوپای ئێران رای گەیاند كە وڵاتەكەی دەستی كردووە بە بەرهەمهێنانی تانكێكی پێشكەوتوو لە جۆری "كەرار" و روونی كردەوە كە ئەو تانكە لە ماوەیەكی نزیكدا دێتە بەكارهێنان لەلایەن سوپای ئێرانەوە. 


بە پێی ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی، عەمید ئەمیر كیومێرس حەیدەری، فەرماندەی هێزەكانی زەوینی لە سوپای ئێران لە میانەی بەشداریكردنی لە كۆنگرەیەك رای گەیاندووە كە تانكی كەرار خاوەن توانایەكی دەگمەنە و گرێبەستیش كراوە بۆ بەكارهێنانی لەلایەن سوپای ئێرانەوە و گرێبەستەكانیش دراونەتە كارگەكانی سەر بە كەرتی بەرگری ئێران.

زیاتر گوتی، لەم نزیكانەوە تانكەكە دێتە ناو خزمەتی كردەنی لەلایەن هێزەكانی زەوینی ئێران و بەشداری لە مانۆر و ئەركەكانی ئەو سوپایە دەكەن.

لەو كاتەی بەرپرسانی تری ئێران ئاماژەیان كرد كە ئەو جۆرە تانكە خاوەنی سێ چین زریپۆشە و ئەفسەری تیمی تانكەكەیش دەتوانێت لە دوورەوە كۆنترۆڵی بكات و توانای كاریگەری هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو چەكانەی ئاراستەی دەكرێت.

شارەزایانی رووسیایی دەڵێن كە ئەو تانكەی نوێیەی ئێران مووشەكی تونداری رووسیایی بۆ بەكار دێت كە توانای بڕینی زرییەكی هەیە ئەستوورییەكەی 700 ملیم بێت و مەودای تۆپهاوێژییەكەیشی دەگاتە 100 بۆ چوار هەزار مەتر و بە خێرایی 370 مەتر لە چركەیەك و توانای كاركردنی لە پلەی گەرمی -50 تا +50ی هەیە و ئاماژەیشیان كرد كە ئەگەر ئەو مووشەكانە بەكار بێنێت لە تواناكانیدا پێش تانكی ئەبرامزی ئەمەریكایی دەكەوێتەوە.

سەرچاوە: بەغداد تودەی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل