پێش ئەوەی سەردانەكەی بۆ توركیا ئەنجام بدات، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پڕچەككردن و كۆمەككردنی یەكینەكانی پاراستنی گەل، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ داڕمانی یەكجارەكەی پێوەندییەكانی توركیا و ئەمەریكا.
چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ پێنجشەم 15ی شوبات، ریكس تیلرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سەردانێكی قورس و پڕ لە دانوستاندن بۆ توركیا بكات كە دوو رۆژ دەخایەنێت. سەردانەكە هاوكاتە لەگەڵ لێدوانە بەردەوامەكانی ئەرۆدغان و بەرپرسانی توركیا كە دەبێت ئەمەریكا دەست هەڵبگرێت لە هاوكاریكردنی یەكینەكانی پاراستنی گەل، بەڵام پێش ئەنجامدانی سەردانەكەی، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی لە پڕچەككردن و كۆمەككردنی كورد لە سووریا كردەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، لە بارەی پلانی ئەمەریكا لە بودجەی وەزارەتی بەرگری بۆ ساڵی 2019 كە تێیدا پڕچەككردن و كۆمەككردنی یەكینەكانی پاراستنی گەل جێی كراوەتەوە، دەڵێ ئەو بڕیارەی ئەمەریكا كاریگەری دادەنێت لەسەر ئەو بڕیارانەی لەمەولا توركیا دەیدات.
لای خۆیەوە مەولوود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا گوتی، "پێوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا گەیشتووەتە قۆناغێكی سەخت، یان دەبێت چاكی بكەینەوە یانیش ئەوەتا بە یەكجارەكی دادەڕمێت".
ئاماژەی بەوەش دا لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆ لەگەڵ تیلرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەكەن، ئەمەریكاشی تۆمەتبار كرد بە تێكچوونی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات بە ئەنجامدانی هەڵەكەی كوشندە لە سووریا و پشتگیریكردن لە یەكینەكانی پاراستنی گەل.
یاوز بیدەر بەڕێوەبەری نووسینی ماڵپەڕی ئەحوال توركیا و چاودێری سیاسی دەڵێ، هیچ كات وەك ئێستە پێوەندییەكانی توركیا و ئەمەریكا هێندە بارگرژی بەخۆیەوە نەبینیوە. ئەوەشی خستەڕوو بارگرژییەكە ماوەیەكە هەیە، بەڵام لەو كاتەی ئەردۆغان داوای لە ئەمەریكا كردووە هێزەكانیان لە مەنبەج بكشێننەوە، بارگرژییەكە زیاتر بووە.
جێ باسە رۆژی 19ی كانوونی دووەم سوپای توركیا ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتوونی بۆ سەر عەفرین لە باكوری سووریا كە هاوسنووری توركیایە، دەست پێ كردووە و نزیكەی مانگێكە بەردەوامە، دوای ئەوەی شكستی هێناوە لە داگیركردنی ئەو شارۆكەیە لە چەند رۆژی رابردوودا سوپای توركیا بۆردومانی هاووڵاتییانی سڤیل دەكات لەناو شارۆكەی عەفرین.
بیدەر دەڵێ بەردەوامبوون و تێوەگلانی سوپای توركیا لە شەڕی دژ بە عەفرین بۆ ئەردۆغان دوو سوودی هەیە، یەكەمیان لە ئاستی ناوخۆی وڵاتە لە رووی سیاسییەوە كە وڵات لە جەنگدایە و دەرگە بۆ ئەردۆغان كراوەیە لە ركابەر سیاسییەكانی بدات، دووەمیشیان داپۆشینی كێشە ناوخۆیییەكانی توركیایە و بە دەستهێنانی دەنگی شەقامی توركیایە بە گوتاری نەتەوە پەرستی.
پێشتر ئەردۆغان پلانی وڵاتەكەی بۆ عەفرین ئاشكرا كرد كە تەنیا ئەو شارۆكەیە ئامانج نییە، بەڵكو دواتر نۆرەی مەنبەج دێ و پاشانیش باكور و رۆژهەڵاتی سووریا كە ناوچە كوردستانییەكانی سووریای هاوسنووری توركیا دەگرێتەوە.
هەرزوو سەركردە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە مەبنەج هێڵێكی سووریان بۆ حكوومەتەكەی ئەرۆغان كێشا، بە پێی ئەو هێڵە مەبنەج و عەفرین دەكەوێتە چوارچێوەی ناوچە پارێزراوە سیاسییەكان بۆ شەڕڤانان، ئامانجیش لەمەدا لێدانە لە گروپە تیرۆریستییەكان.
دوو گەورە سەركردەی سەربازی ئەمەریكی لە مەنبەج دەڵێن، پاراستنی ئەو ناوچانە بەلای ئەمەریكا زۆر گرنگترە لە چارەنووسی بەشار ئەسەد.
دیوێكی تری پێداگیری ئەمەریكا لە پاراستنی رۆژئاوای كوردستان بە عەفرینەوە، ئەوەیە ئەگەر ئەو ناوچانە بەجێ بهێڵێت، ئەوا تەواوی سووریا دەكەوێتە ژێر هەژموونی رووسیا و ئێران. ئەمە وای كردووە بە بەراورد بە رابردوو ئەمەریكا رژتر بێت لە یارمەتیدانی یەكینەكانی پاراستنی گەل و لەوێوە خۆی نیشانی توركیا بدات.
گۆڕانكارییەكان لە ئاستی پێوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمەریكا، وای كردووە ئەردۆغان وەك جاران دۆست و لایەنگیری لە ئەمەریكا نەبێت، ئێستە دەنگۆی ئەوەیە كە كۆنگرێسی ئەمەریكا لە هەوڵی ئەوەدایە بڕیار لەسەر جینۆسایدی دژ بە ئەرمەنەكان بدات كە توركیا ساڵی 1915 ملیۆنێك و 500 هەزار ئەرمەنی لەناو بردووە.
پێگەی ئەردۆغان و حزبەكەیشی لە ئەمەریكا هێندە لاواز و خراپ بووە، دوور نییە هەر بارگرژییەكی تر ئەمەریكا ناچار بكات سزای ئابووری بخاتە سەر توركیا، یان تۆمەتباری بكات بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ.
بەرەنگاربوونەوەی پرسی پێشێلكارییەكانی توركیا بەرانبەر بە مافی مرۆڤ و گەندەڵی زۆر بە روونی لە راپۆرتەكانی ناوەندی كۆمارییەكان و دیموكراتەكان باس كراوە كە پێویست دەكات یاسای ماگنیتسكی لەلایەن كۆنگرێسەوە دژ بە توركیا بگیرێتەبەر كە ساڵی 2012 دەرچووە.
لە راپۆرتی هەدوو حزب هاتووە ئەگەر توركیا و ئەمەریكا بە شێوەیەكی بەردەوام لە ناوچەكەدا دژ بە یەك كار بكەن و ئامانجیان دژ بە یەك بێت، بە تایبەت لە ئەگەری نزیكبوونەوەی رووبەڕووی سەربازی لە مەنبەج لە نێوان هەردوولا، نابێت كۆنگرێس دەستەوەستان سەیری رووداوەكان بكات، بەڵكو دەبێت یاساكان لەسەر توركیا جێبەجێ بكات.