كۆمسیۆن وادەی پێشكەشكردنی كاندیدانی درێژ كردەوە

:: PM:02:36:15/02/2018 ‌

ئەندامێكی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی ئاشكرای دەكات، لەسەر داوای كۆمەڵێك لە حزبەكان بەهۆی تەواو نەبوونی كاروباری یاسایی بەشێك لە حزبەكان، وادەی پێشكەشكردن درێژ كراوەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 15ـی شوبات، سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ناوی پێشكەشكردنی كاندیدانی لایەنە سیاسییەكانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تا سەعات 10ـی ئەم شەو درێژ كراوەتەوە و لایەنەكانیش داوا دەكەن ماوەكە تا چەند ڕۆژێكی تر درێژ بكرێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە زیاتر گوتی، ماوەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدی لایەنەكانی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی 12ـی ئایاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق درێژ كراوەتەوە لەسەر داوای كۆمەڵێك لە حزبە سیاسییەكان وادەی درێژ كراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەییە ئاشكراشی كرد، لایەنە سیاسییەكان داوایان لە كۆمسیۆن كردووە كە ماوەكە تا ڕۆژی یەكشەمی داهاتوو درێژ بكاتەوە، بەڵام تا ئێستە لە ئەنجوومەنی كۆمسیاران بڕیاری لێ نەدراوە.

بڕیارە لە 12ـی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجام بدرێت و بەشی زۆری حزبە كوردییەكان بڕیاریان داوە بە سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەن، بە تایبەتی لە سنووری ناوچە جێناكۆكەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد