وەزارەت خەریكی یاریكردنە بەكات
دۆسیەیەكی وەزارەتی خوێندی باڵا بۆ ئەنجوومەنی شوورا بەرز دەكرێتەوە

:: PM:03:21:15/02/2018 ‌

دوای ناڕەزایەتییەكانی خوێندكارانی خوێندكارانی خوێندنی باڵا و كۆبوونەوەی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان و لەگەڵ وەزارەت، بڕیاری بەرزكردنەوەی دۆسیەیەكە بۆ ئەنجوومەنی شوورا درا دژی وەزارەتی خوێندنی باڵا.

ئەمڕۆ پێنجشەم 15ـی شوبات، عەبدولخالق عەلی ئیبراهیم كاندیدی دكتۆرا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای چەندان هەوڵ و كۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەی خوێندنی باڵا و وەزارەتی خوێندنی باڵا كە وەزارەت  ئامادە نییە ڕۆڵ ببینێت لە توانستی زمان.

ئەو كاندیدە زیاتر گوتی، داواكارین كە سیستەمی هاوینە و زستان بۆ كاندیدان پێڕەو بكرێت، بەڵام وەڵاممان نەدرایەوە و قبووڵ نەكرا.

لای خۆیەوە شوكریە شێخانی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لاپەڕەی خۆی نووسیویەتی، لە پێناو چارسەركردنی كێشەی كاندیدانی ماستەر و دكتۆرا لە دانیشتنی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، ڕۆژی دووشەم بەكۆی دەنگ بڕیارمان دا نووسراوێك ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بكەین بە مەبەستی خێرا جێبەجێكردنی.

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵامان كرد، دوای گفتوگۆیەكی چڕ، تێگەیشتین ئەوان یاری بەكات دەكەن و ئامادە نین ئەو داواكارییەی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا جێبەجێ بكەن، ناچاریان كردین ئەم دۆسەیەیە بەرز بكەینەوە بۆ ئەنجوومەنی شوورا و بانگێشتكردنی وەزیر بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان.

ماوەی دوو ساڵە كێشەی خوێندكارانی خوێندنی باڵا بەردەوامە و تا ئێستە بەبێ‌ چارەسەر ماوەتەوە.





وشە - رامیار جەواد