زیانی ئابووری بۆ هەرێم هەیە
بەغدا لە كردنەوەی فڕۆكەخانەكان تەنیا بۆ عومرە مەبەستی "خراپە"

:: PM:04:48:15/02/2018 ‌
كرانەوەی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی لە لایەن بەغداوە، بۆ عومرەكاران، بەلای هاووڵاتییانەوە مەبەستی خراپی بەغدا پێشان دەدات و بە گەمەیەكی ئابووری و سیاسەتی دوژمناكارانە ناوی دەبەن، چونكە پێیان وایە بەهۆی عومرەوە رێژەیەكی زۆری پارەی هەرێم دەچێتە دەرەوە.

ئێوارەی ڕۆژی 29ی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو بە بڕیاری حكوومەتی بەغدا، گەشتە ئاسمانییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی راگیرا، تا ئێستا بڕیارەكە درێژەی هەیە و تەنیا رێگە بە گەشتە ناوخۆییەكان دەدرێت، دوێنێ بەغدا بڕیاری كردنەوەی هەردوو فڕۆكەخانەی هەرێمی كوردستانی تەنیا بە رووی عومرەكاراندا دا، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان  بۆ "وشە" گوتی: "رۆژی یەكشەم شاندێكمان سەردانی  دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی  دەكات، بۆ دانانی ئالییەتێك بۆ ئەو مەبەستە".

رۆژنامەنووس حامید محەمەد دانیشتووی سلێمانی بە "وشە"ی گوت، دەسەڵاتی بەغدا بە سوود وەرگرتن لە ئاین، گەمەیەكی ئابووری و سیاسییانەی دژ بە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی بەڕێخستووە، لە لایەك مەبەستییەتی لە رووی ئابوورییەوە هێندەی تر هەرێم بخاتە تەنگژەوە و لە ڕووی سیاسیشیەوە دەیەوێت ئەوەندەی تر خەڵكی كوردستان ناچار بكات، ئەویش بە سوود وەرگرتن لە ئامرازی حەج و عومرە.
 
بڕیاری كردنەوەی فڕۆكەخانەكان بە شێوەی مەرجدار و تەنیا لە چوارچێوەی گەشتیی حەج و عومرە لە لایەن بەغداوە، رۆژنامەنووسەكەی سلێمانی بە ئامانجی دەرچوونی بڕە پارەیەكی زۆر لە هەرێمی كوردستان ناوی دەبات، كە لە بەرانبەردا هیچ بڕە پارەیەك ناگەڕێتەوە بۆ هەرێم. پێشیوایە ئەو هەنگاوە نەك هەر گەمارۆی سەر كوردستان سوك ناكات، بەڵكو بە مانای توندكردنی زیاتری گەمارۆكان دێت.

 حامید بە مەترسیشی دەزانێت، كە لە ئەنجامدا ئەم هەنگاوە پەرتەوازەیی زیاتر دەخاتە نێوان خەڵكی كوردستان و بە چەند ئاڕاستەی جیاواز و دوور لە یەك دابەش دەكات و ناكۆكی كۆمەڵایەتی دێنێتە ئاراوە. بۆیە پێی باشە لەم بارودۆخەدا دەسەڵاتدارانی هەرێم نەچنە ژێرباری بڕیارێكی لەو جۆرە، هاوكات بە ئەركی مامۆستایانی ئاینی دەزانێت، كە خەڵكی زیاتر وشیار بكەنەوە، بەو پێیەی تا بۆ خاوەن ماڵ پێویست بێ، بۆ سعوودییە حەرامە. ئەو دەڵێت" ئەركە لەم حاڵەتەدا بایكۆتی حەج و عومرە بكرێت".

ئازاد هاووڵاتییەكی دانیشتووی هەولێرە، كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم تەنیا بۆ مەبەستی حەج و عومرەكاران بە  جۆرێكی تر لە سیاسەتی دووژمنكارانەی بەغدا بەرانبەر كورد ناو دەبات و دەڵێ: "بەم قەیران و بێ موچەییە خەڵكێك بە مەبەستی عومرە روو دەكەنە سعوودیە، كە بە هۆیەوە سەتان هەزار دۆلاری ئەم هەرێمە دەچێتە دەرەوە و گیرفانی كۆمەڵێك بازرگانی پێ پڕ دەبێت، گەر بۆ ئەوەیە هەر نەكرێتەوە باشترە".

بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتووە ساڵانە، 10  بۆ 19 هەزار كەس لە هەرێمی كوردستانەوە لە رێگەی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانییەوە، بە مەبەستی بەجێگەیاندنی عومرە گەشتیان بۆ سعوودیە كردووە، ئەوەش بردنە دەرەوەی پارەیەكی زۆری هەرێمی كوردستانی لێكەوتۆتەوە، بۆیە هاووڵاتییان پێیان باشە خەڵكی كوردستان لەمساڵدا ئەو گەشتانە نەكەن، بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" رای گەیاند، ساڵی 2017 عومرەكاران  19 هەزار و 220 كەس بوون، تێچووی هەر عومرەكارێكیش لە حەوت هەزار دۆلار بۆ ١١٠٠ دۆلار خەمڵاند.

ئەگەر بۆ ئەمساڵ 19 هەزار كەس لە هەرێمی كوردستانەوە بڕۆنە سعوودییە بۆ بەجێهێنانی عومرە و بۆ هەر عومرەكارێك بڕی هەشت سەد دۆلار بخەمڵێنین، ئەوا كۆی گشتی ئەو پارەی لە هەرێمی كوردستانەوە دەردەچێت، دەكاتە بڕی ١٥ پازدە ملیۆن و 200 هەزار دۆلار.

ئازاد ڕوونی كردەوە كە كردنەوەی فڕۆكەخانەكان بە تەنیا بۆ ئەو مەستەیە، تا بازاڕەكانی هەرێم زیاتر تووشی قەیران و بێ پارەیی ببێتەوە، ئەو بە پێویستیشی دەزانێت، كە وەزارەتی ئەوقاف هەڵوێستیان هەبێت و لیژنەی فەتوا بڕیارێك دەربكەن، كە لە ئەمساڵدا كەس نەچێت بۆ عومرە، چونكە كەس نازانێت ئەم باروودۆخەی نێوان هەولێر و بەغدا تا چەندی تر بەم جۆرە بەردەوام دەبێت، ڕەنگە خراپتریش ببێت، بۆیە پێویستیشە تاكی كۆمەڵگە خۆیان هەست بە بەرپرسیارەتی بكەن.

شێخ قاسم بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بە نەبوونی ئامار كرد، بەو هۆیەی عومرە لە رێی ئەوانەوە تۆمار ناكرێت، بەڵكو لە رێی نووسینگەی تایبەت بە حەج و عومرەوە دەكرێت، دواتر ئامارەكان دەزاندرێت.

ئەو بەڕێوەبەرەی حەج و عومرە، كاتی كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی بە رووی عومرەكاران، بەستەوە بە رۆژی یەكشەم، كە بە زووترین كات دەبێت.

 

خێڵان بەختیار



وشە - سه‌رخێڵ هاشم