مەسروور بارزانی گەیشتە ئەڵمانیا

:: PM:06:06:15/02/2018 ‌
مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە وڵاتی ئەڵمانیا.

ئەمڕۆ پێنجشەم 15ی شوبات، مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە ئەڵمانیا و بڕیارە لەوێ بەشداری كۆنفڕانسی ئاسایشی جیهان لە میونخ یكات و لەگەڵ چەندان گەورە بەرپرسی وڵاتانی تری دنیا دیدار و گفتوگۆی دەبێ.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ڕابردوو بە فەرمی لەلایەن كۆنفڕانسی ئاسایشی جیهان لە شاری میونخی ئەڵمانیا داوەتنامەی بەشداربوونی ئاراستە كراوە، تا لە كۆنفڕانسەكە بەشداری بكات.

بڕیارە كۆنفڕانسی ئەمساڵی ئاسایش لە میونخ لە 16 شوبات/فێبرایەر واتە سبەی هەینی دەست پێ بكات تا 18ی مانگ بەردەوام دەبێ و زیاتر لە سەرۆكی 20 وڵاتی دنیا و 40 وەزیری بەرگری و 40 وەزیری دارایی وڵاتانی جیا جیا و سەدان كەسایەتی تەناهی و نوێنەری دەزگە تەناهییەكانی وڵاتانی دنیا و پسپۆرانی تایبەتی ئەم بوارە لەم كۆنفرانسەكە بەشدار دەبن.


كۆنفرانسی ئاسایشی میونخ لە ساڵی 1963ەوە تا ئێستە ساڵانە لە كۆتایی مانگی كانوونی دووەم/یەنایەر و  مانگی شوبات/فێبرایەر لە شاری میونخی وڵاتی ئەلمانیا بەڕێوە دەچێ، ساڵانە دەیان سەرۆك و سەرۆك وەزیران و وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و بەرپرسانی باڵای تەناهی وڵاتان بەشداری تێدا دەكەن و پرسە گرنگەكان و ئەو هەڕەشە تەناهییانەی ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە، بە وردی گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم