پارتی دوا بڕیاری لەبارەی كەركووك دا

:: PM:06:09:15/02/2018 ‌
پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتی كردەوە كە بەشداری هەڵبژاردنەكان لە كەركووك ناكەن، بەڵام لیست و ئامادەكارییەكانیان بۆ هەڵبژاردنی عێراق لە تەواوی پارێزگاكانی تر ئامادە كردووە.

ئەمشەو وەك دوا وادە دیاری كراوە بۆ ڕادەستكردنی لیستی ناوی كاندیدان بە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق، بەڵام پارتی لیستی كاندیدانی بۆ پارێزگای كەركووك دیاری نەكردووە و بەشداری هەڵبژاردن لەو پارێزگایە ناكات. هێشتە پێی وایە كەركووك شارێكی داگیر كراوە.

عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پارتی پێشتر داوای كردبوو كە كورد بە لیستێكی هاوبەش بەشداری هەڵبژاردنەكانی عێراق بكات لە ناوچە دابڕێنراوەكان، بەڵام كە ئەوە نەكرا، پارتی كەركووك بە شارێكی داگیر كراو دەزانێت و بەشداری هەڵبژاردن ناكات.

زیاتر گوتی، ناكرێت لە شارێكی داگیركراودا بەشداری هەڵبژاردن بكرێت كە دۆسییەی تەناهی لە دەستی میلیشاكانی حەشدی شەعبی دابێت.

هاوكات خەسرۆ گۆران بەرپرسی دەزگەی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاندووە، لیستی كاندیدەكانیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تەواو كردووە و  لە پارێزگای كەركووك بەشداریی هەڵبژاردن ناكەن، بەوپێیەی وەك پارتی داوایان لە لایەنە سیاسییەكانی تر كردووە، بە یەك لیست بەشدار بن، بەڵام ئەو یەك لیستییە نەكرا.

كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی بە ناپاكەكان ناسراون داگیر كراوە و كورد لەو سنوورە پەرتەوازە بووە و هیچ هەوڵێكیش نەیتوانی كورد لەو سنوورە یەك بخاتەوە.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم