هێزێكی ئەمەریكی لە ئاسمانەوە دابەزینە رۆژئاوای مووسڵ

:: AM:10:35:22/11/2016 ‌

هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا و عێراق ئەمڕۆ سێشەم لە خاڵێكی ستراتیجی ناوچەی بەعاج لە ئاسمانەوە دابەزین و گورزێكیان لە تیرۆریستانی داعشدا، هاوكات هێزەكانی دژە تیرۆریش لە بەشی چەپی مووسڵ بەردەوامن لە پێشڕەوی دوو گەڕەكی تریان لە تیرۆریستان بە تەواوی پاك كردەوە.

هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا و عێراق ئەمڕۆ سێشەم لە گوندێكی سەر بە شارۆكەی بەعاج لە ئاسمانەوە دابەزین و توانیان حەوت تیرۆریست بگرن، هێزەكانیش بە چوار هەلیكۆپتەر لە ئاسمانەوە دابەزین و ئامانجیشیان كۆنتڕۆڵ كردنەوەی خاڵێكی ستراتیجی بووە كە رێگەی سەرەكی نێوان مووسڵ و ڕەقە بووە.

لەلایەكی ترەوە هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق ئەمڕۆ سێشەم توانیان بە تەواوی گەڕەكی موحاربین و ئەخائی ئەوەلی لە تیرۆریستانی داعش پاك بكەنەوە.

لیوا روكن مەعن سەعدی ڕایگەیاند، كە هێزەكانی دژە تیرۆر دوای ئەوەی لە رۆژانی ڕابردوو لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی دژ بە تیرۆریستانی داعش بەردەوام بوون، توانیان ئەمڕۆ بە تەواوی ئەو دوو گەڕەكە لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە.

هەروەها گوتی، لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەكان دەیان تیرۆریستی داعش كوژراون و زیانی زۆریشیان پێگەیشتووە.

جێی باسە بەری چەپی شاری مووسڵ لە 50 گەڕەك پێك دێ و تا ئێستە هێزەكانی عێراق توانیویانە نزیكەی 15 گەڕەك كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراق و ژمارەی دانیشتووانی بەر لەهاتنی داعش نزیكەی دوو ملیۆن كەس بووە و لە 10 حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی زیاتر لە 60 هەزار سەرباز و پۆلیسی عێراقی تیرۆریستانی داعش توانیان شارەكە كۆنتڕۆڵ بكەن، لە 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان یەكەم هەنگاوی هەڵمەتی ڕزگاركردنەوەی مووسڵی دەست پێ كرد و لە میحوەرەكانی رۆژهەڵات و باكوری رۆژهەڵات و باكور هێلی بەرگری تیرۆریستانیان بە تەواوی تێكشكاند و دواتریش هێزەكانی عێراق دەستیان بە پێشڕەوی كرد و ئێستە بە گوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكان سێیەكی پارێزگەی نەینەوا لە تیرۆریستان پاك كراوەتەوە.

سەرچاوە/ ئیخبارییە، دیجلە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د