دوا زانیاری لەسەر دۆخی نەخۆشخانەكانی عەفرین

:: PM:08:30:15/02/2018 ‌

بەهۆی بۆردومانەكانی سوپای توركیا بۆ سەر شاری عەفرین و دەوروبەری ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان و شەڕوانان بریندار بوونە، پەرلەمانتارێكی كوردستانیش ئاشكرای دەكات كە كەسانی زۆر بە تەمەنی لێیە كە برینداربوونە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 15ـی شوبات عەباس فەتاح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان كە بە نوێنەرایەتیی پەرلەمانی كوردستان سەردانی شاری عەفرینی كردبوو بە "وشە"ـی راگەیاند، نەخۆشانەكانی عەفرین هەموو جۆرە بریندارێكی تێدایە كە تیایەتی ژن و پیاوی بەساڵاچوو كە توانای ڕۆیشتنیان نەبووە و هەیشە منداڵی بچووكە.

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان گوتی، برینداری سەربازی لە عەفرین هەیە بەهۆی بۆردومانەكانی توركیا بۆ سەر شارەكە، هەروەها دۆخی تەندروستی ئەو شارە پێویستی بە دەرمانی پزیشكی هەیە، چونكە دیار نییە ئەو شەڕە چەندە بەردوەوام دەبێت.

فەتاح زیاتر گوتی، دۆخی عەفرین بەهۆی بۆردومانەكانی توركیا خراپە و ئەوەی هەیە ئێمە دەیكەینە راپۆرتێك و پێشكەشی پەرلەمانی كوردستانی دەكەین لەسەر هەموو سێكتەرەكانی ژیان لەو شارەدا.

نزیكەی مانگێكە توركیا هێرشێكی فرەوانی سەربازی بۆ سەر شاری عەفرین دەست پێ كردووە و لە دوایین رایۆرتە رۆژنامەوانییەكانیشدا دەركەوتووە كە ئێستە شەڕ لە چیای بلبل و لە %7ـی خاكی عەفرین لەلایەن توركیاوە داگیر كراوە.



وشە - رامیار جەواد