بۆ گەیشتن بە پەرلەمانی عێراق كاندیدان شەڕە بۆكس دەكەن

:: PM:09:25:15/02/2018 ‌

ژمارەیەك پەرلەمانتاری سوننە كە خۆیان لەسەر لیستی دیالە بۆ پەرلەمانی عێراق كاندید كردووە دەستیان بە شەڕە بۆكس كرد و پاسەوانەكانیان تەقەیان لە یەكتر كرد تا پۆلیس هاتە ناو بابەتەكە كە برایەكی سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی تیادایە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەم 15ـی شوبات، حەسەن پیروەلی، بەرپرسی راگەیاندنی ئۆفیسی دیالەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە"وشە"ـی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە نێو بارەگەی كۆمسیۆن شەڕە بۆكس لە نێوان سەڵاح جبووری برای سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمان و رەعەد دەهلەكی پەرلەمانتاری عێراق و سەفا كەرخی و عەبدوڵا جبووری رووی دا.
 
زیاتر گوتی، جگە لە بۆكس و شەقوەشاندن پاسەوانەكانیان تەقەیان كرد، بەڵام دەستبەجێ پۆلیسمان هێنا و كۆمسیۆنیان كۆنترۆڵ كرد و ماوەیەك ئەوان دەستبەسەر كران.
 
ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن زیاتر گوتی، شەڕەكە لەسەر ریزبەندی ژمارە بووە، گوایە ئەو دەنگانەی دەمێنێتەوە هەركەسێك ژمارەەكەی بچووكتر بێ و لە سەرەتا بێ شانسی زیاتر دەبێ بۆ دەرچوون بەو هۆیەوە شەڕیان كردووە.
 
وەك نیگەرانییەك لەسەر ئەو شەڕەی پەرلەمانتارە سوننەكان لە دیالە، ژمارەیەك چالاكی مەدەنی سوننە لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بە تەنزەوە نووسیویانە، ئێمە دەمانەوێت شەڕی پاراستنمان بكان لە میلشیاكان، بەڵام شەڕی بەرژەوەندی خۆیان دەكەن.
 
سەرچاوەیەكی پۆلیسی دیالە بۆ"وشە" گوتی، پاسەوانەكانیان چەككراون و پۆلیس نەگەیشتیبایە شوێنی رووداوەكە قوربانی لێ دەكەوتەوە.
 
وا بڕیارە لە 12ی مانگی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت و ئێستەیش ركابەرییەكی بەهێز لە نێوان كاندیدان لەناو لیستە جیاجیاكاندا هەیە كە زۆرینەیان دەیانەوێت لە پلەكانی سەرەتا ناویان هەبێت بۆ مسۆگەری دەرچوونیان و گەیشتن بە پەرلەمان.
 
گەرمیان/ سەبری هۆرینی



وشە - رامیار جەواد